کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:07 - 8 رێبەندان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک ''محەممەد باڵووڵ زادە'' ناسراو بە ''حەمە باڵووڵ''  کوڕی ''عەلی و خاتوون'' بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە شاری ''قەڵادزێ'' سەر بە کوردستانی باشوور ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک ''محەممەد'' ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە گوندی ''کۆخانـ''ـی سەر بە شاری بانە لەدایک بووە. ساڵی ١٣٧٩ بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری زمانی کوردی و نەتەوەیی بۆ چەند مانگێک دەسبەسەر کراوە. ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی لە نێوخۆ وەکوو ئەندامی نهێنی سازمان دەدرێت و بەهۆی چالاکیەکانی لەلایەن رێژیمەوە گومانی لەسەر دروست دەبێت هەر بۆیە دوو سێ مانگێک دەسبەسەر دەکرێت. ناوبراو پاش ئازادبوونی لە زیندان هەر  بەهۆی ئەو گوشارانەی ڕێژیم ساڵی ١٣٨٣ کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەجێهێشتووە و لە شاری قەڵادزێ لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ بووە.

کاک ''محەممەد'' کەسایەتیەکی نیشتیمانپەروەر و ماندوونەناسی ڕێبازی پڕ سەروەریی ڕێگای شەهیدان بوو و تا دواهەناسەی وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە .

ناوبراو لە باری ماڵییەوە هەمیشە هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کردووە و بەهۆی چالاکییەکانی چەندین جار ڕێزی لێگراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک ''محەممەد'' دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.