کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:34 - 24 جۆزەردان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک ''نەوشیروان فەتاحی'' کوڕی ''جەعفەر'' پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی گورچیلە، لەشاری حەڵەبجە ماڵاوایی لەژیان کرد و درێژەی ڕێگای خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد.

کاک ''نەوشیروان فەتاحی''، ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە گوندی شۆشمێ سەر بە شاری نەوسوود لەدایک بووە و له ساڵی ١٣٦٠دا پێوەست بووە بە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

نابراو هەتا ساڵی ١٣٧٧ لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا بۆ ماوەی ١٨ساڵ وەک کادری دەرەجە ٣ درێژەی بە ئەرکە حیزبییەکانی داوە.

کاک نەوشیروان، یەکێک لەو پێشمەرگە دڵسۆز و بە دیسیپلنانە بووە و بۆ ڕاپەڕاندنی بڕیارات و کاروباری حیزبی ئەوپەڕی هەوڵ و تیکۆشانی خۆی بەکار بردووە.

ناوبراو لە شەڕەکانی ناوچەکانی هەورامان، داڵاهۆ، گەهوارە و گۆران و بە تایبەت لە شەڕی شاخی تەرتەوەر لە ناوچەی گۆران بەشداریی چالاکانەی هەبووە.

کاک ''نەوشیروان'' لەساڵی ١٣٧٧ـەوە وەک ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەتا دوا هەناسەی لەشاری هەولێر تێکۆشانی خۆی درێژە پێداوە و لە زۆر بواردا خزمەتی بە حیزب و هاوڕێیانی کردووە.

بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا نەخۆشیی شێرپەنجە بەرۆکی گرتووە و پاش چەندین جار نەشتەرگەری سەرەنجام لە ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک نەوشیراون فەتاحی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.