کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:13 - 1 پووشپەڕ 2721

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "حاجی عەلی کەند" سەر بە ناوچەی مەحاڵی مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۳۱ جۆزەردان کاک "محەممەد ئەمین ڕەشی" ناسراو بە "محەممەد ئەمینی عایزە ڕەش" لە تەمەنی ۹٨ ساڵیدا بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "محەممەد ئەمین" یەکێک لە ئەندامە دڵسۆزەکانی حیزب بوو کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پەیوەندیی تەشکیلاتیی بە حیزبەوە گرت و وەک ئەندامێکی چالاک لە ناوچەی مەحاڵ کار و چالاکیی خۆی دەست پێ کرد.

ناوبراو لە دەورانی خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکراتدا ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەسبەسەر کرا.

کاک "محەممەدئەمین" هەتا دوا هەناسەی ژیانی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.