کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی جەڵدەی دڵەوە لە شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کورستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ۳۱ی پووشپەڕ، ''فایەق محەممەد ئەمینی''، ناسراو بە ''فایەق هەورامی"، کوڕی ''عابید''، لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا، بەهۆی جەڵدەی دڵەوە لە شاری سلێمانیدا، کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە سەرەتای خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتدا، لە ناوچەی ''هانەگەرمەڵەی هەورامان''، پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوو و تا ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی، لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا دژی داگیرکەران لە خەبات و تێکۆشاندا بوو و دواتر وەکوو ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب، ئەرکەکانی بەڕێوە دەبرد.
هەروەها کاک "فایەق"، دوو برای بە ناوەکانی شەهیدان ''داوود و محەممەد ڕەشید''، لە شەڕ و دەرگیری لەگەڵ ڕێژیمی داگیرکەری ئێراندا، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.