کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد

13:57 - 20 جۆزەردان 2720

سەرلە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی حاجی "ڕەشید ئازین فەر" ناسراو بە "ڕەشید کانەبی ئیندرقاش" خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی "ڕەشید ئازین فەر" پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و  لە کۆمیتە ناوچەی ٢ی "شاروێران" لە دەیەی ٥٠کاندا، کار و چالاکی حیزبیی خۆی دەست پێدەکات وهەر لە کۆمیتە ناوچەی "شاروێران" دەمێنێتەوە.

ناوبراو هەتا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، وەکوو ئەندامێکی هەڵسوڕ و چالاک، دەکەوێتە ناو دڵی خەڵکی ناوچەکە و لەو کاتەوە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، وەکوو ڕیش‌سپیی ناوچەی "شاروێران" دەبێت و لە زۆربەی سوڵحەکانی ناوچەی "شاروێران" جێگای متمانە دەبێت.

حاجی "ڕەشید" ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، دەکەوێتە بەندیخانەی کۆماری پەت و سێدارە و دوای ٦ ساڵ لە زیندانی بوونیدا، بۆ ماوەی ١٥ ساڵ حوکمی "محروم اجتماعی" بەسەردا دەسەپێت.

ماڵی ناوبراو لە ئاوایی "ئیندرقاش" کاتی خۆی هەمیشە جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حێزبی دێموکرات بووە.

دوای ئەو هەموو گووشارانەی کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ناوبراویان دەهێنا، حاجی "ڕەشید" هیچ کات مل‌کەجی ویست و داخوازییەکانی ڕێژیم نەبوو و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

 تەرمی حاجی "ڕەشید" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.