کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:34 - 30 رێبەندان 2719

مامۆستا مەلا "تەها مەنافی" یەکێک لە مامۆستایانی دڵسۆز و ئەندامێکی تێكۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا مەلا "تەها مەنافی" ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی هاوکات لەگەل دامەزانی حکوومەتی "ڕەزاشا"دا  لە گوندی "جەڕان" بەری پیرانی پیرانشار لەدایک بوو. هەر بە مناڵی نرایە بەر خوێندنی ئایینی و دەورانی "موستەعیدی"ی لە گوندی جەڵدیان بە زیرەکییەکی تایبەتییەوە تێپەڕاند.

پاشان بۆ درێژەی خوێندن  چووە گوندی "حەسەن نووران"ـی شنۆ. مامۆستا مەلا تەها ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی پێوەندی بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتەوە دەگرێ و دەبێتە ئەندامی حیزب.

لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاویدا بەهۆی لێوەشاوەییەوە  وێڕای مامۆستا مەلا "عەزیز جەڵدیانی" دەکرێتە بەرپرسی قوتابیانی ئایینیی ناوچەکانی شنۆ و لاجان.

مامۆستا مەلا تەها مەنافی ساڵی ١٣٤٧ لە شاڵاوی ساواکی شا بۆ سەر تێکۆشەرانی دێموکراتدا  وێڕای هاوڕێیانی مەلا "محەممەد خزری و مەلا محەممەد عەجەم"  دەسبەسەر دەکرێن و لە زیندانی جەڵدیان دەکەونە بەر ئازار و ئەشکەنجەیەکی دڕندانەی ڕێژیمەوە.

ساڵی ١٣٥٢ کە جارێکی دیکە بە تاوانی تێکۆشانی حیزبی دەکەوێتە ژێر چاودێری وهەڵپێچانی ساواکەوە ناچار دەبێ خۆی بشارێتەوە و پەڕیوەی ناوچەی حاجی ئۆمەرانی کوردستانی باشوور بێ.

ساڵی ١٣٥٣ یەکێک لەو قوتابییانە دەبێ کە  لەلایەن زانکۆی "ئەلئەزهەر"ی میسرەوە بۆ درێژەدان بە خوێندنی بەرز وەردەگیرێ بەڵام بەهۆی ڕابردووی خەباتکارانە و تێکۆشانی سیاسی لە ڕیزەکانی  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، لەلایەن ڕژیمی پەهلەوییەوە ئەو مافەی لێ زەوت دەکرێ.

 پاشان مامۆستا لە ساڵی ١٣٥٤ دەست دەکات بە مامۆستایەتی و لە قوتابخانەکانی ناوچەکانی بۆکان و مەهاباد بە گوتنەوی وانەی عەڕەبییەوە خەریک دەبێ . لێوەشاوەیی مامۆستا لەوانەوەتنەوەدا دەیگەیەنێتە ئاستی دەبیری لە دەبیرستانەکاندا.

ڕۆمانی "گوڵەکانی تەنیایی" و "نامەکانی باوکێک بۆ کیژەکەی"، لەوەرگێڕانەکانی مامۆستا مەلا تەهان. هەروەتر گەلێک شیعری بەپێز و نێوەڕۆکی بۆدونیای ئەدەب و شێعری کوردی بۆ بەجێهێشتووین کە بەداخەوە هەتا ئێستا دەرەتانی چاپ و بڵاوبوونەوەیان نەڕەخساوە.

سەرەنجام مامۆستا دڵی پڕاوپڕ لە خۆشەویستیی نیشتمان و ئەوین بە ڕێبازی حیزبەکەی  ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندان  لە لێدان کەوت و لەنێو ئاپۆرای خەڵكدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی مامۆستا مەلا تەها سەرەخۆشی لە هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی حیزبەکەی دەکات.