کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

12:11 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی دێرین و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری شنۆ، کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی بانەمەڕ، حاجی "مستەفا تەنها"، ناسراو بە "مستەفای شەریف ڕابێ"، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، لە شاری شنۆ، دڵی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو لە کاتی پێشمەرگایەتیدا بەرپرسایەتیی بەشی ماڵیی شارستانی شنۆی لە ئەستۆ بووە و ساڵی ۶۰ی هەتاوی، لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ له ژێر ئەشکەنجەی ڕێژیم له زیندانەکانی نەغەدە و ورمێدا بووە و پاشان به هۆی ئەو ئەشکەنجانەوە تووشی سەکتەی دڵ دەبێت و دواتر بەو بۆنەوە لە زیندان ئازاد دەکرێت.

حاجی مستەفا، وەک ئەرکی نیشتمانیی خۆی و وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب، دەستی لە چاککردنی قوتابخانەی گوندەکانی شنۆ و خانووی هەژاراندا هەبووە و یارمەتیدەری قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆش بووە و پێی وابووە کە کورد هەر چەند زاناتر بێت، زووتر بە هیوا بەرزەکانی دەگات.

شایانی باسە، حاجی مستەفا لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی، لە شاری شنۆ لە دایک بوو و ساڵی ٥٧ی هەتاوی، پەیوەست بە ڕیزەکانی شۆڕش بوو.

تەرمی حاجی مستەفا لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.