کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

10:13 - 24 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەوڵاوا، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک ''زاهید بابایی'' ناسراو بە ''کوێخا زاهید'' کوڕی "محەممەد"، خەڵکی ئاوایی بۆڕیەر سەر بە شاری سەوڵاوا، لە تەمەنی ۷۹ ساڵیدا و بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۲۰ی خەزەڵوەر، کۆچی دوایی کرد.

کاک ''زاهید'' لە ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاویدا هاتە ڕیزی ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکرات و دەستی بە تێکۆشانی تەشکیلاتی کرد.

ناوبراو کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و حیزبخۆشەویست بوو، هەر بەم هۆیەوە کوڕێکی بوو بە پێشمەرگە.

کاک "زاهید" زۆرجار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشنیاری هاوکاریی پێ دەدرا، بەڵام هەموو جارێک ئەم داوایەی ڕەت دەکردەوە.

ناوبراو ساڵی ١٣۷۰ی هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە ٥ مانگ زیندان و٨۰ زەربە قامچی حوکم درا و کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجەوە.

تەرمی کاک ''زاهید'' لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە و لە گۆڕستانی بۆڕیەردا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.