کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات گیانی لە دەست دا

11:56 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شامیانی سەوڵاوا، بە هۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن، گیانی لە دەست دا.

ڕۆژی شەممە، ٧ی بانەمەڕ، ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوی کامیل محەمەدی، تەمەن ٥٠ ساڵ، کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو بە هۆی بەربوونەوەی بەردێک لە سەربان بەتوندی بریندار دەبێت و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەی مەریوان بەڕێ دەکرێت، کە بە هۆی قووڵبوونی برینەکەی لەوێشەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە دەکرێت، کە پاش چەند کاتژمێرێک پێڕاگەیشتنی پزیشکی، بەداخەوە ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بانەمەڕ، گیانی لەدەست دەدات.

کامیل محەمەدی، ساڵی ١٣٦٤ پەیوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرت و وەک ئەندامێکی دڵسۆز و چالاک، تێکۆشانی خۆی دەست پێ کرد.

ناوبراو بە هۆی پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی و بنەماڵەکەیەوە، ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتی لە نێو خەڵکدا هەبووە و یەکێک لەو ئەندامانە بووە، کە هەمیشە ئامادەی هاوکاری و یارمەتیدانی پێشمەرگەکانی هێزی زاگرۆس بووە.

تەرمی ناوبراو، ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکە، لە گۆڕستانی گوندی گۆشخانی بە خاک ئەسپێردرا.

بەم بۆنەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و  کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.