کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە "سەقز" کۆچی دوایی کرد

17:53 - 5 گەلاوێژ 2720

رۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، مامۆستا "خالید مورادیانی"، مامۆستا و کەسایەتییەکی چالاکی بواری پەروەردە و ئەندامی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا "خالید مورادیانی" ناسراو بە "مامۆستا وریا"، جیا لەوەی کە وەک پیشە ئەرکی مامۆستایەتیی لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی سەقز و سنە لەسەر شان بووە، بۆ چەندین جار لەلایەن مامۆستا و هاوکارەکانیەوە متمانە و نوێنەرایەتیی پێدرابوو کە لە شارەکانی ورمێ، تاران و هەمەدان بەشداریی کۆڕە زانستییەکانی تایبەت بە پرسە نوێیەکانی پەروەردە بکات و لەوێوە هەگبەی پڕ دەکرد لە ئەزموون و بە دیاری بۆ هاوڕێیان و مامۆستایانی کوردستانی دەهێنایەوە و لە کەش‌ و هەوایەکی زۆر کوردانەدا بە هێنانەوەی شێعر و مەسەل ‌و پەندی کوردی لە ناودارانی نەتەوەکەی، زانیارییەکانی دەگواستەوە.

مامۆستا "وریا" بەهۆی ئەوەیکە هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە هەستی بە چەوسانەوەی گەلەکەی دەکرد، هۆگرییەکی تایبەتی بەنیسبەت گەل‌ و نیشتمانەکەی لە دڵدا بووە، هەر بۆیە لە هەموو دەرفەتەکان بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی پێویستی وەردەگرت. فەزای قوتابخانەکانی بە شێعر و بابەتی کوردی دەڕازاندەوە، قوتابییەکانی فێری کوردی ‌نووسین و بیری کوردایەتی دەکرد، لەگەڵ قوتابی و هاوکارەکانی دەچوونە سەردانی کەسایەتییە هونەری و ئەدەبی‌ و شوێنە مێژووییەکان و بەشداری و پشتیوانیی لە کۆڕ و کۆمەڵە جۆراوجۆرەکان دەکرد.

بۆ نموونە چالاکی لە ڕۆژی زمانی دایکی، ڕێورەسمی ڕۆژی جلوبەرگی کوردی، ڕێوڕەسمەکانی ئاگری نەورۆز لە نییەر، تەنگیسەر، پاڵنگان، بیجاڕ و هتد، کۆڕی پەردەلادان لە کتێبی نووسەران، بردنی منداڵانی قووتابخانە بۆ مۆزەی کورد و شوێنە مێژووییەکان و بۆ لای کەسایەتییە ناودارەکان، بەشێکن لەو ئەرکانەی کە تێیدا بەشداریی دەکرد.

مامۆستا "خالید مورادیانی" یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان بوو، هەر بۆیە لە زۆربەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریی چالاکانەی دەکرد.

ئەو کەسایەتییە ناودارە بە کردەوە لە بۆنە نەتەوەییەکاندا هەڵوێستی دەگرت و هەوڵی ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگەکەی دەدا کە لەهەمبەر زوڵم و زۆری داگیرکەراندا بێدەنگ نەبن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێعر و وتار بەرپەرچی پڕوپاگەندەی بەرپرسانی دواکەوتووی نیزامی دەدایەوە، لە پەراوێزی میداڵی پڕ لە شانازیی "کۆچەر بیرکار"دا بە وریایی لە شۆڤێنیستە باڵادەستەکان هاتە دەنگ و بە حەز و تاسەوە باسی پێشمەرگەی دەکرد و نەترسانە ئاڵای کوردستانی لە ئامێز دەگرت.

تەرمی ناوبراو لە "سەقز" بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مامۆستا "خالید مورادیانی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.