کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

17:16 - 7 خاکەلێوه 2721

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای ساڵانێکی زۆر لە خەبات و تێکۆشان ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوە لە پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک ''محەممەد خانزادە'' ناسراو بە "محەممەد مەجید'' لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ڕووی لە مەهاباد کردووە و وەکوو لاوێکی چالاک و وشیار لە ناوچەکانی لاجان و پیران چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە بردووە.

کاک ''محەممەد خانزادە'' لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا لە کاری نهێنیی حیزبییەوە ئاشکرا بووە و ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە.

ناوبراو لە ساڵی ٤٦ی هەتاوی پێوەست بووە بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات و لەگەڵ شەهیدان ''سولەیمان موعینی، مەلا ئاوارە و سەدیق هەنجیری و...'' لە چالاكیی سیاسی و چەكداریدا بێپسانەوە بەردەوام بووە.

کاک ''محەممەد خانزادە'' ساڵانێكی زۆر لە باشووری کوردستان، موسڵ و بەغدا لە بەندیخانەی ڕێژیمی بەعسدا بووە.

پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران ناوبراو گەڕایەوە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ڕێزی حیزبی دێموکرات و لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا خەباتی کردووە و یەكە بە یەكە پلەكانی سەرپەلی و سەرلكی و كادریی تێپەڕاندووە.

کاک ''محەممەد خانزادە'' لە زۆربەی شەڕە گەورەکانی: ''جەڕان و خواجاڵی، چەكۆ، خدراوێ لاجان، بەربنە، جادەی سەردەشت و پیرانشار، ڕێگای نەغەدە و سندووس و شنو'' و زۆر جێگای تر بەشداریی هەبووە و لە  شەڕی ''چیانە''دا بەسەختی بریندار بووە.

کاک ''محەممەد'' هەتا ساڵی ٦٢ی هەتاوی  لەنێو ڕیزەكانی خەبات و شۆڕشدا ماوەتەوە و بەهۆی زەختێکی زۆر كە لەسەر بنەماڵەکەی بووە بە ئیزنی ڕێبەرایەتیی حیزب گەڕاوەتەوە نێو بنەماڵەکەی، بەڵام پێوەندیی بەردەوامی لەگەڵ حیزب ماوە و چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و لە بەندیخانەکانی ورمێ، نەغەدە و پیرانشاردا زیندانی کراوە.

‎ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی حیزب و گەل وەفادار ماوەتەوە و وەکوو پیاوێكی شۆڕشگێڕ ناوی دەركردبوو و زۆر جێگای ڕێزی خەڵكی ناوچەی پیرانشار بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک ''محەممەد خانزادە'' دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.