کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:22 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دڵسۆز و وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کەمپی باریکە، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"مه حموود محەممەدنژاد" ناسراو بە "وەستا مەحموود"، ڕۆژی شەممە، ٧ی بانەمەڕ، کە نیشتەجێی کەمپی "باریکە" سەر با پارێزگای سلێمانی بوو، کۆچی دوایی کرد.

وەستا مەحموود، ساڵی١٣١٠ی هەتاوی، له هۆزێک بە ناوی "قوبادی"، سەر بە شاری "سەرپێڵ زەهاو" لەدایک بووە.

ناوبراو، قۆناغی مێرمنداڵی و لاویی لە بەردەستی باوکیدا، کە پیشەی بنەماڵەیییان ئاسنگەری بووە، فێری کاری ئاسنگەری دەبێت و دواتریش بۆ بژێوی ژیانی، دەست بە ئاسنگەری دەکات، هەر بەو هۆیەوە نازناوی وەستا مەحموودی پێ دەدرێت.

وەستا مەحموود، کەسایەتییەکی ناودار و کۆمەڵایەتی و دیاری نێو هۆز و ناوچەکەی بووە.

مەحموود محەممەدنژاد، ساڵی ١٣٥٧، ئاوارەی کوردستانی باشوور دەبێت و ماوەیەک لە کەمپی "ئەڵتاش" سەر بە پاریزگای ئەنبار، نیشتەجێ دەبێت و دواتر ساڵی ١٣٨٣ دەچێتە کەمپی "باریکە" و هەتا کۆتایی ژیانی لەوێ دەمێنێتەوە.

تەرمی ناوبراو، بە بەشداریی خزم و کەسوکار و دۆستانی بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.