کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لەژیان کرد

18:11 - 2 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی حاجی "ڕەحمان حاجی ڕەسووڵی" خەڵکی شاری "بۆکان" بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی "ڕەحمان" خۆشەویستی خەڵکی شارەکەی بەتایبەت مامۆستایان، شاعیران و هونەرمەندان بووە.

ناوبراو ئەندامی بەوەفا و لەمێژینەی حیزبی دێموکرات و لە سەردەمی کۆماری کوردستان دەستی بە کار و چالاکی کردووە.

ناوبراو هەروەها کەسێکی نیشتمانپەروەر و ڕێنیشاندەری کوردایەتی و کۆڵەکەی بنەماڵەی "حاجی ڕەسووڵی" بووە.

حاجی "ڕەحمان" جێگای متمانە و یاری شەهیدان سەید "فەتاح" و مەلا "مەحموود زنگەنە" لە ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی هەتاویدا بووە.

لەژێر گەورەیی و ڕێنوێنی و کاریگەریی حاجی "ڕەحمانـ"ـدا لانیکەم ٩ کەس لە بنەماڵەکەی بوونەتە پێشمەرگە. شەهید دوکتور "سوڵتان حاجی ڕەسووڵی" یەکێک لەو ٩ کەسە تێکۆشەرانە بوو.

حاجی "ڕەحمان" هەردەم وشەی کورد وکوردایەتی وێردی سەر زاری بووە. وەفاداربە ڕێبازی کوردایەتی و پێشەوا بووە .

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی حاجی"ڕەحمان" سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.