کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ئێران: لە بازرگانیی ئازاددا تەنانەت لە تاڵبانیش لەدواترین

17:14 - 2 سەرماوەز 2721

"عەلی شەریعەتی" ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران بە دانپێدانان بە ئابووریی داڕماوی وڵات، باسی لەوە کردووە کە لە بازرگانیی ئازاددا، تەنانەت دۆخی ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵبان لە ئێران باشترە.

ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە گەمارۆکانی سەر ئێران، وتی: "قاربوونی ئابووریی ئێمە لەگەڵ جیهان، ئەو دەرفەتەی لە ئێمە ئەستاندووە تاکوو بازرگانیمان گەشە بکات و ئەمە بەدڵنیاییەوە بە زیانی ئێرانە".

"شەریعەتی" باسی لەوە کردووە: "وێڕای ئەوەی کە ئێران لە گرووپەکانی هاوکاریی ئابووریی ناوچەیی ئەندامە، بەڵام نەبوونی ژێرخانە پێویستەکان، گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەستەم کردووەتەوە".

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی بە ئاماژەدان بە ئەندامنەبوونی ئێران لە ڕێکخراوەی بازرگانیی جیهانی و جێبەجێنەبوونی بازرگانیی ئازاد لە ئێران، وتی: "لە ئەمڕۆدا و وێڕای ئەوەی کە ئەفغانستان لە دەستی تاڵباندایە، بەڵام ئەم وڵاتە هێشتاکە ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانییە و ئاڵووێری بازرگانی و هەناردە و جێبەجێکردنی پارە بەئاسانی لەم وڵاتەدا ئەنجام دەگرێت. ئێمە لە بازرگانیی ئازاددا تەنانەت لە تاڵبانیش لەدواترین".