کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی مەجلیسی ڕێژیم: ٥٠ لەسەدی فڕۆکەکانی ئێران لەکار کەوتوون

10:54 - 21 سەرماوەز 2721

"موجتەبا یووسفی" ئەندامی کۆمیسیۆنی عومرانیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتی، فڕۆکەکانی ئێران بە بیانووی سیاسی خەسارێکی زۆری بەرکەوتووە.

"یووسفی" سەبارەت بە کڕینی فڕۆکەی "ئێی تی ئاڕ" بۆ شیرکەتی "هۆما" وتی، لە حاڵێکدا بۆ ناوگانی "ئێران ‌ئەیر" سێزدە دانە فڕۆکەی "ئێی تی ئاڕ" کڕدراوە، بەو تێچوویە ئیمکانی ئەوە هەبوو ٢٢ فڕۆکەی "ئەیرباس" کە کەمتر لە دە ساڵە دروست کراون، بکڕدرایەت.

ناوبراو زیادی کردووە: "ئێمە دەبا لە دەرفەتی کەمی بەرجام، بۆ کڕینی فڕۆکەی نوێ، کەرەستە و ڕاگواستنی تێکنۆلۆژی کەڵکمان وەرگرتبا".

فڕۆکەکانی "ئێی تی ئاڕ" لەکار کەوتوون و تەنیا توانای فڕینی کاتژمێرێکیان هەیە و دەفرایەتیی ڕاگواستنی موسافیریان زۆر لە خوارەوەیە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێک لە قەرزەکانی "ئێران‌ئەیر" دەگەڕێنەوە بۆ کڕینی چواردە فڕۆکەی "ئێی ئی ئاڕ".

"یووسفی" هەروەها وتی: "لە ئێستادا ٥٠ لەسەدی ناوگانی ئاسمانیی ئێران لەکار کەوتوون و کەسانێک دەیانهەوێت لەکارکەوتنی بەشێک لە ناوگانی ئاسمانیی ئێران‌ئەیر بە گەمارۆکان پەیوەند بدەنەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە پیشەی ئاسمانیی ئێران چوار دەیەیە گەمارۆی لەسەرە، بەڵام بۆ دەبێ لە یەک دەیەدا تووشی ئەو هەمووە کێشە و گرفتانە بێت؟".