کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئە‌ندامێكی حیزبی دێموكرات لە‌ شاری گوێكتە‌پە‌ی سە‌ر بە‌ مە‌ھاباد بە‌ھۆی ڕووداوی ھاتوچۆوە گیانی لە‌دە‌ست دا

12:30 - 8 سەرماوەز 2721

سە‌رلە‌ئێوارە‌ی ڕۆژی یە‌كشە‌ممە ‌٨ی سەرماوەز، "ناسر ڕە‌حمانی" ئە‌ندامێكی چالاكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و خە‌ڵكی شاری گوێكتە‌پە‌ی سە‌ر بە ‌شاروێرانی مە‌ھاباد، لە‌ سێڕێیانی ''ئیندرقاش'' لە‌نێوان جادە‌ی مە‌ھاباد- میاندواو بە‌ ڕووداوی دڵتە‌زێنی ھاتووچۆ گیانی لە‌دە‌ست دا.

"ناسر ڕە‌حمانی" لە‌ سالی ١٣٩٥وە‌ و لە‌گە‌ڵ ڕاگە‌یاندنی ڕاسانی ڕۆژھە‌ڵات وە‌كوو ئە‌ندامێكی چالاک و هەڵسووڕ لە‌ خزمە‌ت حیزب و گە‌لە‌كە‌یدا بووە و بە‌ردە‌وام خە‌مخۆری نە‌تە‌وە‌ زوڵم لێكراوە‌كە‌ی بووە و بۆ ھە‌ر ئە‌ركێكی حیزبی بۆ چركە‌ساتێكیش سڵی نە‌دە‌كرد.

ناسر ڕەحمانی لە دەورەی ٢٢٤ی پێشمەرگە بەشدار بووە و بۆ ماویەک لەنێو ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خزمەتی کردووە.

تە‌رمی پیرۆزی ئە‌و ئە‌ندامە‌ دڵسۆزە‌ی حیزب سە‌رلە‌ئێوارە‌ی یە‌كشە‌ممە‌ ٨ی سەرماوەز لە‌ شاری گوێكتە‌پە‌ لە‌نێو ئاپۆڕای خەڵكی ئە‌و شارە‌ بە‌خاكی پیرۆزی نیشتمان ئە‌سپێردرا.

پاش بە خاکسپاردنی ''ناسر ڕەحمانی''، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نیشانەی ڕێزلێنان بۆ ئەو تێکۆشەرەی دێموکرات ئاڵای کوردستان و جامانەیان لەسەر گڵکۆی ناوبراو دانا و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە‌ گیانلە‌دە‌ستدانی ئە‌و ئە‌ندامە‌ چالاكە‌ی خۆی، سە‌رە‌خۆشی لە‌ بنە‌ماڵە‌، خزم و كە‌سوكاری ناوبراو دە‌كات و خۆی بە هاوبەشی خە‌میان دە‌زانێت.