کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندۆنێزی دوو نەوتکێشی "ئێرانـ"ـی و "پاناما"یی ڕاگرت

12:29 - 6 رێبەندان 2720

گاردی کەناراوی ئەندۆنێزی دوو نەوتکێشی "ئێرانـ"ـی و "پاناما"یی لە ناوچەی کەناراوی "پۆنتیاگـ"ـدا بەهۆی گواستنەوەی نایاسایی نەوت ڕاگرت.

بەرپرسانی ئەندۆنێزی ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، تانکێرێکی نەوتکێشی "ئێرانـ"ـی و تانکێرێکی "پاناما"ییان ڕاگرتووە کە گومانی گواستنەوەی نایاسایی نەوتیان لەسەر بووە.

ئەندۆنێزی ئەو دوو نەوتکێشەی بە پێشێلکردنی یاساکان لەوانە: "پیشان نەدانی ئاڵا، کوژاندنەوەی سیستەمی ناوبەری و ڕادار، لەنگەرخستی نایاسایی و گواستنەوەی نایاسایی نەوت" تاوانبار کردووە.

"ڤیسنۆ پرامادیتا"، وتەبێژی ئاژانسی تەناهیی دەریایی ئەندۆنێزی وتوویەتی کە تانکێری "ئێم تی هۆرس" بە ئاڵای ئێرانەوە و هەروەها تانکێری "ئێم تی فێریا" بە ئاڵای "پاناما"وە لە ئاوەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای "کالیمانتانـ"ـدا ڕاگیراون.

تێلێڤیزیۆنی ڕێژیمی ئێران بە پستبەستن بە زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەندۆنێزی ڕاگرتنی ئەو نەوتکێشەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام لە باسکردنی وردەکارییەکان خۆی بواردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس"، گاردی کەناراوی ئەندۆنێزی ئەو دوو نەوتکێشەی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر بردووەتە دوورگەی "باتام" کە لە کۆمەڵە دوورگەکانی "ڕیائۆ"یە.

گەمارۆ پیشەییەکانی ئامریکا کە لەسەر ئێرانی داناوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی ناچار کردووە کە نەوتی وڵاتەکەی لە ئاوە ئازادەکاندا بگوازێتەوە بۆ نەوتکێشەکانی دیکە و لە وەها حاڵەتێکدا سیستەمی ناوبەری و ڕادار و سیستەمی ناسینەوەی نەوتکێشەکان دەکوژێننەوە.