کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنستیتۆی گۆڵد بۆ باس لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئامریکا و لێکدانەوەی دۆخی جیهانی کۆبوونەوەیەکی پێک هێنا

13:29 - 24 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەنستیتۆی گۆڵد بۆ کاروباری ستراتیژیی نێونەتەوەیی، کۆبوونەوەیەکی لەسەر ڕوانگەی جیهانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئامریکا و دۆخی جیهانی پێک هێنا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە ڕێگای زوومەوە بەڕێوە چوو، لێکۆڵەرانی ئەنستیتۆ و ئەندامانی پارلمانی ئورووپا تاوتوێی سیاسەتەکانی ئامریکا، شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین و کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانیان کرد.

هەروەها دوایین سەفەری "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لێکدانەوەی تایبەتی لەسەر کرا.

 "ڕەحیم ڕەشیدی" ئەندامی ئەنستیتۆی گۆڵد، لەو کۆبوونەوەدا بەشدار بوو و چەن وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو ڕوو بە ئامادەبووان و ئەندامانی پارلمانی ئورووپا باسی لەوە کرد کە ٣٣ ساڵ بەسەر تێرۆری دوکتور قاسملوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری ڤییەن لە وڵاتی ئوتریش تێدەپەڕێ.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە ساڵیادی تێرۆری شەهیدانی ڤییەن لە کاتێکدایە کە حکوومەتی بێلژیک گەڵاڵەیەکی پڕ لە شەرمەزاری بۆ ساتوسەودا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پەسەند کردووە و ئەوەش زیاتر لەبەر ئازادکردنی تێرۆریست "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" هاتووەتە ئاراوە کە لە بەرگی دیپلۆماسیدا و بە تاوانی هەوڵدان بۆ کاری تێرۆریستی ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای بێلژیکەوە بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو هەروەها ڕوو بە ئەندامانی پارلمانی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئەو بابەتە بۆ گەلی کورد وا لێک دەدرێتەوە لە ئورووپاییەکان پشتیوانی و کارئاسانی بۆ تێرۆریزم لەنێو ماڵی خۆیان دەکەن. ناوبراو هەروەها داوای کرد کە بەرامبەر بەو جۆرە هەنگاوانە بوەستنەوە و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنانە بدەن کە وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێکی دەهێنن.

لەو بارەوە ئەندامانی پارلمانی ئورووپای بەشدار لە کۆبوونەوەکە باسەکەیان بە جدی وەرگرت و ڕایانگەیاند کە لەو بارەوە هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن.