کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنفال برینێکە بەسەر جەستەی کوردستانەوە

13:44 - 23 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری هاتنی مانگی بانەمەڕی هەموو ساڵێک، مانگی ژینۆسایدی نەتەوەی کوردە، کە ئەو مانگە بە مانگی ئەنفال ناسراوە.

ھەموو ساڵێك، لەگەڵ ھاتنی مانگی ئەنفالی گەلی كورد، ئەوەندەی برینی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكولێننەوە، ئەوەندە بیر لە قەرەبووكردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژییە ناكرێتەوە، ئەگەرچی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەڵێن: "ھیچ شتێك ناتوانێت ڕۆحی كەسوكاریان بۆ بێنێتەوە".

هەموو ساڵێك، لە مانگی بانەمەڕی بەهاردا، کە بە مانگی ئەنفالەکانی باشووری کوردستان ناسراوە، برینەکان دەکولێنەوە و هەتا ئێستاش ئەو ڕووداوە تاڵە قەرەبوو نەکراوە و کۆمەڵگای جیهانیش بە یارمەتی خەڵکی ئەنفالکراوەوە نەهاتووە.

كارەساتی ئەنفال، كە ئێستا لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و چەندین وڵاتی دیكە بە ژینۆسایدی باشووری کوردستان ناسراوە، لە لایەن ڕێژیمی بەعسەوە لە ساڵی ١٩٨٦ هەتا ساڵی  ١٩٨٩ی خایاند.

كارەساتی ئەنفال، بە ھەشت قۆناغدا تێپەڕی، لە ئەنجامی ئەو کارەساتەدا ١٨٢ ھەزار كەس ئەنفال كران، ژینۆسایدەكە ھێندە بەرفراوان بووە زۆرینەی شارۆچكە و گوندەكانی باشووری كوردستانی گرتەوە.

کۆمەڵکوژی ئەنفال، لە ١٩٨٦ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٨٩دا کۆتایی پێ ھات، کە ئەو ئەنفالە بە سەرکردایەتی  عەلی حەسەن مجید  لە نزیکانی سەدام حوسێن جێبەجێ کرا.

ئامانجی ڕێژێمی بەعس و سەدام حوسێن لەنێوبردنی كورد بوو.