کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو شەهیدانەی هێشتا لە فەلسەفەی وجوودییان تێنەگەیشتووین!

15:14 - 23 خاکەلێوه 2721

سانیار شێروە

بێگومان تەنیا چینێک وا لە کۆمەڵگا ناکرێت پێناسەی هیرارشیک و چینایەتییان بۆ بکەین شەهیدانی ئەو نیشتمانەن؛ شەهید، بە هەر پێوەرێک بێت شەهیدە!

پێوانی شەهید لە بەرامبەر شەهیددا کارێکی هەڵەیە، ئێمە هیچ کات ناتوانین بڵێین شەهیدێکی تایبەت لە شەهیدێکی تر شەهیدترە!

ناشتوانین گیانی هیچ شەهیدێک لە شەهیدەکانی تر شیرینتر بزانین. (گیان، گیانە)

بەڵام ئاستی لەخۆبردوویی و هێز و ورەی خەباتکار و کەسی ئاسایی دەبێ هەمیشە بپێورێت و جیاواز بکرێتەوە.

بەدڵنیاییەوە ئەو کەسەی گیان و ژیانی بۆ ڕزگاریی گەلێک تەرخان دەکات لەگەڵ ئەو کەسەی نایکات، جیاوازە و دەبێ پێوانە و پێناسەی تایبەت بە خۆی بۆ بکرێت.

شەهیدانی نوێی ڕۆژهەڵات بە تایبەت شەهیدانی ڕاسان، خەریکن پێناسەیەکی نوێ لە خەبات و خەباتکار یان شۆڕشگێڕ دەدەن، ئەوە چرکەساتێکی مێژوویی و جێی تێڕامانە لە قۆناغی خەباتماندا، دەبێ و پێویستە جیلی نوێ (جیلێک کە تەنیا لە ڕێگەی مێژووی زارەکییەوە شاهیتی قارەمانێتی و خەباتی جیلەکانی پێشوو بووە) لەوە تێبگات کە ژیانی شۆڕشگێڕانە و ڕۆحی خەباتکارانە لە ڕاستیدا چۆنە و چییە؟ ئەوە چرکەساتێکی زۆر گرینگە کە دەرک پێ کردن و تێگەیشتنی چەخماخەیەکی بەهێزە بۆ هەستانەوە و هەڵگیرساندنەوەیە ئەو مێژووە ڕەنگینە.

ئەو کەسانەی تەمەنیان لە پەنجا لای داوە بەڵام ڕۆحی شۆڕش لە جاران زۆرتر تێیاندا هەڵەسوونەی هێناوە، ئەوانە پێشڕەو و وانەبێژی ئەو خەباتەن.

بەڕاست چ سێحرێکە؟ ئەو ڕێگایە کێ ڕێبواری بووە؟ ئەو ئامانجە کێ داڕێژەری بووە وا گیان لەسەر دەست بوون بچووکترین شتە کە پێی ڕازی دەبین. کە فیداکردنی گیان و ژیان ئەویش لەو سەردەمەدا بچووکترین شتە کە ئەرخەیانمان دەکات؟

پێم خۆشە ئەو ڕستەیە ڕاست بکەمەوە:

ئێمە میللەتێکی شەهیدپەرەوەر نین؛ ئێمە نەتەوەیەکی قارەمان پەروەرین!

شەهادەت و گیانبەختکردن بە تەنیا ڕێڕەوێکی بچووکی ژیانمانە.

شەهید لوقمانەکان و شەهید مادییەکان لووتکەی ئەو فەلسەفەی ڕزگارییەن کە دەبێ لێیان فێر بین.

کاکۆڵی سپییان تیژترین و بەهێزترین پەیام و هێمایە بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەیان.

هەر بۆیە پێویستە ئێستا لە هەموو کات زۆرتر گەورەیی ئەو قوتابخانەمان بۆ دەرکەوێت و لە هەموو کات زۆرتر هیوای دواڕۆژی لەسەر هەڵچنین.

بەرز و پیرۆز بێت یادی هەموو شەهیدانی ئەو ڕێگا پیرۆزە و شەهیدی تازەمان کاک لوقمانی فەرماندە.

بیر و ڕێگەیان هەرمان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.