کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو مووشەکانەی سەری ڕێژیم دەخۆن!

13:05 - 18 بەفرانبار 2719

شەماڵ تەرغیبی

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، سپای پاسدارانی ڕێژیم یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئامریکا لە عێراق ناسراو بە "عین‌الاسد" و هەروەها شوێنی کونسوولگەری ئەم وڵاتە لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانجی هێرشێکی مووشەکیی خۆی کە بە ناوی "تۆڵەی سەخت" ناوی لێ بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشە لە تۆڵەی کوژرانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" بووە. ئەم هەواڵە زۆر زوو لەلایەن پێنتاگۆنیشەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام تا ئێستە ڕێژەی خەسارە گیانی و ماڵییەکانی ئاشکرا نەکراون.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا بە فەرمی و لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی هێرشەکەدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٢ مووشەک لەم بنکە سەربازییەی ئامریکا دراوە. جێگری قەرارگای ساروڵای سپاش وتوویەتی، ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی دا هەنگاوی یەکەمە و دەبێ ئامریکاییەکان لە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بچنە دەرەوە.

لە بەرامبەردا "دانڵد ترامپ" لە یەکەم دژکردەوەیدا و لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "هەموو شتێک باشە! هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە دەستیان پێکردووە؛ بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریدایە! ئێمە لەباری هێزی سەربازییەوە مەودایەکی زۆرمان هەیە لەگەڵ وڵاتانی تردا، هەم هێزەکانمان پۆشتەترن و هەم بەهێزتر و هەمیش پڕچەکتر".

ڕۆژێک پێش لەم ڕووداوە "ترامپ" بەفەرمی ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر بێتوو تاران کردارێکی نەشیاو ئەنجام بدات، ئەوا لێکەوتەی زۆر خراپ دەبینێت؛ ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر چەشنە هێرشێکی تاران ئامادەیە.

دوابەدوای هێرشەکان بۆ سەر دوو بنکەی ئامریکا لە عێراق، سپای تێرۆریستی پاسداران بەفەرمی و بە پەلە ڕایگەیاند کە ئەگەر ئامریکا بیهەوێت تۆڵە بکاتەوە فازێکی تر لە هێرشەکانی دەست پێدەکات و ئیسرائیل دەکاتە ئامانج.

بەڵام لێدوانی زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیم ئەوە دەردەخەن کە ڕەزایەتی تەواویان هەبووە لەسەر کردەوەیەک کە ئەنجامیان داوە!

لەم نێوانەدا چی ڕوو دەدات؟ ئایا بەڕاستی ئامریکا و ئێران ستارتی شەڕیان لێ داوە؟ یان وەک لە هەندێک لە هەواڵەکاندا دەردەکەوێت، ئەمانە سیناریۆیەکن بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری شەڕ؟

پاش کوژرانی "قاسم سلێمانی" بیروڕای گشتی چ لە ئێران، چ لە ئاستی ناوچەیی و تەنانەت بان‌ ناوچەیی ورووژێندرا؛ هەندێک کەس و لایەن وەک دەسکەوتێکی مێژوویی بۆ بەرەی دژەتیرۆر سەیری ڕووداوەکەیان کرد کە گوایە کوژرانی تێرۆریست "سلێمانی" ئاگری شەڕە ناوچەییەکان کەم دەکاتەوە، هەندێک لایەنی دیکەش بە دژی ئەم کردەوەی ئامریکا وەستانەوە و ڕێژیمی ئیسلامیش لەم بارودۆخە کەڵکاوەژۆی خۆی وەرگرت و جارێکی تر بە سواربوون لەسەر شەپۆلی هەست و ئێحساساتی خەڵک و وەڕێخستنی نمایشێکی تر لەژێر ناوی بەخاکسپاردنی "سلێمانی" سەرنجی خەڵکانی نیشتەجێ لە ئێرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و تا ڕادەیەک توانی کێشە و ململانێ نێوخۆییەکانی کەمڕەنگ بکاتەوە و هەمووان بێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە بارودۆخەکە جیددییە و دەبێ قه‌یرانه‌كان فه‌رامۆش بكه‌ن! بەڵام ئەم مەسەلە پێویستی بەوە هەبوو کە بە شێوەی کرداری هێزێک لە خۆی نیشان بدات. کردەوەیەک کە بتوانێت هەستە ورووژێندراوەکانی لایەنگرانی ڕێژیم دامرکێنیتەوە و بێدەسەڵاتیی جەمارانیش نیشان نەدات؛ تۆڵە!

ئەگەر لەم سۆنگەوە سەیری ڕووداوەکەی ئەمڕۆی عێراق بکەین دەبینین کە ئەمە لەباتی ئەوەیکە دەسپێکی شەڕێکی هەمەلایەن بێت زیاتر هەوڵێکە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە؛ دەنا هەموو عەقڵێکی سەلیم ئەوە دەزانێت کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بچێتە نێو شەڕێکی سەربازی لەگەڵ ئامریکا، هاتنە دەرەوەی زۆر ئەستەم و دژوار دەبێت یان لانیکەم بڕیاری کۆتایی شەڕەکە بە خامنەیی و تاقمەکەی نابێت.

ڕوویەکی تری ئەم دراوە هەڵوێستە تا ڕادەیەک نەرم و نیانەکەی ئیدارەی ترامپە کە هێرش کراوەتە سەری بەڵام بە زمانی "قەناعەتەوە" دەدوێت و دەڵێت هەموو شتێک لە کۆنترۆڵدایە و ناڕاستەوخۆش دەڵێت: "مەشڵەژێن! ئەوەیکە گومانەکان لەمبارەوە زیاتر دەکات ئەوەیە کە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی لەم چەشنە بۆ سەر دوو پێگەی سەربازیی ئامریکا، هیچ کەسێک نەکوژراوە یان بریندار نەبووە. ئەی کەواتە ئێران لە کوێی سرەواندووە؟ لە زەویی خاڵی؟!

کۆی ئەم زانیارییانە پێمان دەڵێت کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات لەباتیی ئەوەیکە دەسپێکی شەڕێک بێت، کۆتایی هێنانە بە هەلومەرجێک کە شەڕی لێ شین دەبێت. کۆماری ئیسلامی پێویستیی بەوە هەبوو کە ڕەزایەتێکی ڕێژەیی لای پاسدار و مشەخۆرەکانی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە وەدەست بێنێت کە بەم کارەی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، لەو لاشەوە "ترامپ" پێویستیی بەوە هەبوو کە هەم بە تاران بڵێ زۆر پێ درێژ مەکەوە و بۆ بردنەسەری وادەکانی خۆی لەمەڕ کورتکردنەوەی دەستی تێرۆر لە ناوچە دەبوایە کردارێکی پڕاکتیکی لە خۆی نیشان دابا کە ئەویش بریتی بوو لە کوشتنی "قاسم سلێمانی". بەو پێیەش ئێستە دەتوانین بڵێین تا ئێرەی یارییه‌كه‌‌ هه‌ر دوو لا لێی ڕازی ده‌بن.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نابێ ئەو ڕاستییە لە بیر بکەین کە هەبوونی مووشەکی بالستیکی لە دەستی کۆماری ئیسلامی کە دەتوانێت وڵاتانی دەوروبەری خۆی بکاتە ئامانج و مەترسی دروست بکات بۆ ئەم وڵاتانە پرسێک نییە کە ڕۆژاوا لێی خۆش بێت و لە داهاتوویەکی نیزیکدا هەڵوێستی توندتر سەبارەت بە بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران دێنە ئاراوە؛ هەڵوێستگەلێک کە بەدڵنیاییەوە بە قازانجی تاران نییە و بە دوور نازانرێت کە هەر ئەم مووشەکانە سەری ڕێژیم بخۆن! یارییه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌ و گوشاری ئابووری و سیاسی و نیزامی بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران توندتر و توندتر ده‌بن. به‌تایبه‌ت دوای له‌كارخستنی به‌رجام، ئیدی هه‌موو ئورووپاییه‌كانیش پاڵپشتی ئامریكا ده‌بن بۆ گوشاری زیاتر بۆ سه‌ر ئێران.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.