کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو ناوچانەی شەڕی تێدایە ژیانی منداڵانی لە هەڕەشە خستووە

19:17 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا:  یەک لە سەر پێنجی منداڵانی جیهان لەو  ناوچانەدەژین کە شەڕ و کێشەیان تێدایە.

لە دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕزگاری منداڵاندا هاتووە ٤٢٠ میلیۆن منداڵ لە ناوچەی شەڕلێدراو و پڕکێشەکاندا ژیان دەکەن؛ بە پێی ئەو ڕاپۆرتە  ١٠ وڵاتی مەترسیدار بۆ منداڵان بریتین لە: ئەفغانستان، یەمەن، سوودانی باشوور، کۆماری ئافریقای ناوەندی، کۆماری دێموکراتیکی کۆنگۆ، سووریە،عێراق، نیجێریە، سومالی و مالی، کە لە ساڵی ٢٠١٣ هەتا ٢٠١٧ی زایینی لانیکەم ٥٥٠ هەزار منداڵ، بە هۆی شەڕ و پێکدادان لەو وڵاتانە گیانی خۆیان لە دەست داوە.

زۆربەی ئەو منداڵانە بە هۆی برسێتی، ژێرخانە وێران کراوەکان، دەسپێرانەگەیشتن بە ناوەندە تەندرووستی و دەرمانییەکان یان پێشگرتن بە ناردنی یارمەتییە بەشەردۆستانەکان گیانیان لە دەست داوە.

بە وتەی سۆزانا کروگێر، بەڕێوەبەری گشتی ''ڕزگاری منداڵان'' لە وڵاتی ئاڵمان، ''تاوانەکانی شەڕ، وەکوو بەکارهێنانی چەکی شیمیایی، بەکارهێنانی زۆرەملێی منداڵان لە شەڕ و دەستدرێژیدا، بۆتە کارێکی ڕۆژانە و جیهان سەیری دەکات.

بەپێی ئاماری ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تەنیا لە سووریە مەرگی  ٨٧٠ منداڵ  تۆمار کراوە  و  لە ئەفغانستان  ٥هەزار منداڵ و مێرمنداڵ بریندار یان کوژراون . 

بە پێی ئاماری یونیسێفیش، لە هێرشە هەواییەکاندا بۆ وڵاتی یەمەن لانیکەم ١٤٢٧ منداڵ کوژراو یا بریندار بوونە.

سندووقی نێونەتەوەیی منداڵان سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ،ساڵی ٢٠١٨ ی بۆ منداڵان ''ساڵێکی پڕئازار'' وەسف کرد و ڕایگەیاند: لەو ناوچانەی شەڕی تێدایە منداڵان لە دەرد و ئازاردا دەژین و کۆمەڵگای جیهانیش نەیتوانیوە پارێزگاری لە منداڵان بکات.