کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو کاتەی کە دیکتاتۆرەکان دەستەوداوێنی منداڵان دەبن!

23:40 - 2 جۆزەردان 2722

ئاسۆ مینبەری

کاتێک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر تێدەگات کە چیدیکە ناتوانێ خەڵکانی جوگرافیا وێناکراوەکەی زەینی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئیدی بۆی نالوێ کە بەرنامە و پیلانەکانیی بەو شێوازە کە پێشتر ویستوویەتی جێبەجێ بکات، ناچار دەبێ دەستەوداوێنی هەندێک کردەوە و کردار بێت کە زۆرجار لەگەڵ هیچ نۆرمێکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش یەک ناگرێتەوە.

ئەمە بۆ خەڵکانی ئێران کە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەیە لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی هەڵە و پڕ لە پارادۆکسی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێراندان، بابەتێکی نوێ و جێگای سەرسووڕمان نییە، چونکە چییەتیی کۆماری ئیسلامی و ئەم ڕێژیمە دڕندەیە هەر بەم جۆرە کردارانەوە مانا دەگرێت و نەبوونی ئەم چەشنە ئاکارە و نەمانی، ڕێک بە واتای ڕووخان و نەمانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە!

ڕێژیمی ئێران لە هەموو قۆناغەکانی مانەوەی خۆیدا، تاکوو ئێستا بە کەڵکاوەژوو وەرگرتن لە خەڵک و هەستی خەڵک ویستوویەتی پرسە گرینگەکانی دیکە کە بۆ خەڵک جێگای سەرنج و وردبوونەوەن لە پەراوێز بخات، هەر لەم پێناوەشدا بە میلیۆنان پارەی خەرج کردووە و خەرج دەکات تاکوو بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات.

ئەوەی کە ڕوونە، ئەم بابەتەیە کە کۆماری ئیسلامی لە کارنامەی ٤٣ ساڵەی خۆیدا هیچ خێر و قازانجێکی بۆ خەڵکانی نیشتەجێ لەم جوگرافیایەدا کە ئێرانی پێ دەوترێت نەبووە، هەر ئەمەش گەورەترین هۆکار بۆ ئەوە بووە کە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پشتی لێ بکەن و بە بچووکترین بیانوو بێنە سەر شەقامەکان و بەنیسبەت کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگا ناڕەزایەتی دەرببڕن.

ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵك بە فتوایەک دەچوونە بەرەی شەڕ و گیانی خۆیان فیدا دەکرد تاکوو ئارمانەکانی شۆڕشی ئیسلامی بپارێزن، ئێستا ئیدی خەڵک بۆ بچووکترین دەرفەت دەگەڕێن تاکوو لەو کۆمەڵگا پڕ لە نەهامەتییە هەڵێن و ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان درووست بکەن.

ئەم کەتوارە جێگای سەرسووڕمانە کە کۆماری ئیسلامی پاش ئەم هەموو ساڵە و پاش ئەم هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە کە بەنیسبەت خەڵکانی ئێران بە ڕەوای بینیوە، دیسانەوەش چاوەڕێی ئەوەیە کە خەڵک پشتیوانی لێ بکەن و لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا بێنە سەر شەقام و بە وتنی دروشم و بەرزکردنەوەی ئاڵای ڕێژیم، پشتیوانی لە سیاسەتی کوشتن و بڕین و تێرۆر و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی دیکە بکەن.

لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ کە چیدیکە خەڵکی لەگەڵ نەماوە، چیدیکە بە وادە و بەڵێنی درۆ ناتوانێ خەڵک بکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و چیدیکە ناتوانێ درێژە بە کوشتن و لەسێدارەدان و دزینی سامانی وڵاتێک بدات و کەسیش دەنگی لێ دەر نەیەت بەڵام هەموو هەوڵەکانی بۆ مانەوە چڕ دەکات و دەیهەوێ کۆتاهەناسەکانی هەڵمژێ.

ئەوەی کە جێگای سەرنجە هەوڵە سیستماتیکەکانی ڕێژیمی ئێرانە بۆ مانەوە! ماوەی چەند ساڵێکە کە کۆمەڵگای ئێران ڕواڵەتێکی دیکەی بەخۆوە گرتووە، بەردەوام شەقامەکان لێوڕێژن لە خەڵکی ناڕازی، بچووکترین بیانوو دەبێتە هاواری دەنگێکی پەنگخواردوو و خەڵک دێنە سەر شەقام و جینایەتێکی وەکوو کوشتارەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە لایەن ڕێژیمەوە دەخولقێ، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش ڕێژیم دیسان پەلەقاژەی مانەوەی خۆیەتی هەر بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە دەزانێ هیچ ڕەواییەکی نەماوە، هەوڵ دەدات بە خەرجکردنی پارە و کەڵکاوەژوووەرگرتن لە هەستی تاکەکانی کۆمەڵگا ئەگەر ساڵێکیش بووبێت، تەمەنی نگریسی خۆی درێژتر بکاتەوە!

لە ماوەی ڕۆژانی رابردوودا، بڵاوبوونەوەی سروودێک لە ژێر ناوی "سلام فرماندە"، بووە جێگای باسی میدیا و ڕاگەیاندنەکان، سروودێک کە تووڕەیی خەڵکانی ئێرانی بەدواوە بوو.

تێکستی ئەم سروودە باس لە گیانفیدابوونی منداڵانێک دەکات کە لە دەیەی ٩٠ی هەتاویدا هاتوونەتە دنیاوە، ڕێژیم بەو شێوەیە دەیهەوێ بە کەڵکاوەژوووەرگرتن لە هەستی منداڵانەیان و پەروەردەیەکی ئیدئۆلۆژیک بیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە تاکوو لە ساڵانی داهاتوودا وەکوو مودافعینی حەرەم و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆی کەڵکیان لێوەربگرێت. بەرهەمهێنانی ئەم سروودە و بڵاوکردنەوەی بە ڕێژەیەکی زۆر پارەی تێچووە کە بێگومان هەر ئەو پارەیە دەیتوانی پێش بە سەدان دیاردەی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بگرێت، هەر ئێستا هەزاران منداڵی دەیە ٩٠ی لەئێراندا برسین و لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

تێکەڵکردنی منداڵان بە سیاسەت و هەوڵدان بۆ ئەوەی کە خۆیان بە کەسێکی وەک قاسم سلێمانیی تێرۆریست بشوبهێنن و چاوەڕێی فەرمانی خامنەیی بن، کردەوەگەلێکی بەدوور لە ئەخلاقن کە تەنیا لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتێری وەکوو ڕێژیمی ئێران دەوەشێتەوە.

ئەمە ئەو کاتەیە کە دیکتاتۆرەکان دەستەوداوێنی منداڵان دەبن! دۆخی ئەم ساڵانە خەڵکانی ئێرانی گەیاندووەتە ئەو ڕاستییەی کە کۆماری ئیسلامی بە بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ٥٧، تەنیا و تەنیا ژیانی خەڵکی دواخست و هیچکام لە وادە و بەڵێنییەکانی وەڕاست نەگەڕان و بەپێچەوانەی وتەکەی خومەینی کە دەیویست خەڵک بە پێگەی مرۆڤایەتی بگەیێنێ، خەڵكانی ئێران لە چارەڕەشترین خەڵکانی جیهانن کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ژیان و داهاتوویان بەدی ناکەن، مەگەر بە ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی!

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ هەناردەکردنی شۆڕش و پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک، تازە نین بەڵام پێویستیان بە وردبوونەوە و وشیاربوونی خەڵکە، منداڵان سەرمایەکانی داهاتووی کۆمەڵگان و پەروەردەکردنیان بەم شێوازە دەتوانێ کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکی نالەبارتر لە ئێستا ببات کە بێگومان قازانجەکەی تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامییە. وشیاری یەکەمین هەنگاوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ سیاسەتە چەپەڵەکانی ڕێژیم و بێگومان ئەم وشیارییە دەتوانێ دیکتاتۆرەکان بەچۆکدا بێنێ.