کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو کاتەی کە کۆماری ئیسلامی جامی ژەهرێکی دیکە سەردەکێشێت

17:16 - 31 بانەمەڕ 2719

نەوید کەرەمی

پاش چڕتربوونەوەی گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، ڕۆژانە هەواڵی پساندنی پێوەندییە بازرگانییەکانی وڵاتێکی دیکە، یان کۆمپانیایەکی نوێ دەبیسترێت و کاربەدەستانی ئێرانیش جگە لە داخ کردن و پەنابردن بۆ هەڕەشەی پووچ هیچێکیان بۆ نەماوەتەوە.

لەم ڕۆژانەدا کە لێدوانەکانی نێوان کاربەدەستانی سیاسی و سەربازی دوو وڵات (ئێران و ئامریکا) ڕەنگێکی هەڕەشەئامێزی لێ نیشتووە، ئەو پرسیارە دێتە کایەوە کە داخۆ هۆکاری سەرەکی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و قامک ڕاکێشانی سەردارەکانی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ئەو وڵاتە، چییە؟ داخۆ ڕێژیمی ئێران دەتوانێت لە بەرانبەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بوەستێتەوە؟

هەر وەک لە قسەی سەردارە تیرۆریستەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران و باقی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەردەکەوێت، هەموو پشتیوانی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچە و ئاراستەکردنی دۆخەکە بەرەو ڕوودانی شەڕ، پشتبەستنە بە توانایی مووشەکی و بەکارهێنانی ڕێکخراوەکانی وەکوو حووسییەکان، حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و ... هتد، کە لەژێر فەرماندەیی قاسم سولەیمانیدا لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە سازمان دراون.

هەتاکوو ئێستاش ڕێژیمی ئێران ئەگەر ویستبێتی زەربەیەک لە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا یان عەرەبستان بوەشێنێت، یان لە وڵاتێک بشێوی دروست بکات، ئەوا لە ڕێگای ئەو لایەنانەوە کاری کردووە و بە تەیارکردنیان بە چەکوچۆڵ و مووشەک، بۆ نانەوەی شەڕ و کاری تیرۆریستی ئاراستەی کردوون.

بەڵام لە ڕاستیدا کۆشکی خەون و هیواکانی ئەو ڕێژیمە زۆر بێبناخەیە و بە چەندین لەرزە بەسەریاندا دەڕووخێت و تەنیا لەژێر ئاواری خەونە ڕووخاوەکانیاندا بەجێ دەمێنن، ئەو کاتەیە کە لە پێناو مانەوە و لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران، جامی ژەهرێکی دیکە سەردەکێشن و مل بۆ هەموو ویست و داخوازەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی ڕادەکێشن.

لەگەڵ جیددی بوونەوەی مەترسی شەڕ، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەر بە سپای تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان و ... هتددا جێگیر و تەیار کراون، لەڕێگای دانووستان لەگەڵ دەسەڵاتی وڵاتەکەیان کێشەکانیان چارەسەر دەکەن یان لەغەیری ئەوەدا لە ڕێگای سزای سەربازی تووشی شکستیان دەکەن و دەستی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانە کورت دەکرێتەوە.

پاش ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لە نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی شەڕ لە وڵاتانی دیکە کورت کرایەوە، لە ترسی ڕاپەڕینی گشتی خەڵکی ئێران بە خێرایی دەچێتە سەر مێزی وتووێژ و بە هەموو شەرت و مەرجەکانی ئامریکا و هاوپەیمانان ڕازی دەبێت، بەڵام لەڕاستیدا هیچ تاکتیک و پەیمانێک ناتوانێت پێش بە خەڵکی چەوساوە و مافپێشێلکراو و تووڕەیی خەڵکانی ئێران بگرێت.

لەوانەیە پاش خواردنەوەی جامی ژەهر، ئەو ڕێژیمە بۆ چەندساڵێکی دیکە درێژە بە تەمەنی نگریسی بدات، بەڵام سەرکەوتنی خەڵکی ئێران زۆر نزیکە و تەمەنی ئەو ڕێژیمەش ڕووی لە کۆتاییەکانیەتی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.