کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەوانە وڵاتانێکن کە تەنیا ئاسمانیان یەکە

12:10 - 11 بەفرانبار 2719

جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەوەی پێشبینی ناکرێت، ڕەوتی ڕووداوەکانە. جوغرافیایەکە کە سەرزەمینی ڕووداو و کاتەکانە. لەو جوغرافیایەدا وێدەچێت هەموو کێشەکانی جیهانی تێدا کۆ کرابێتەوە کە نە چارەسەر دەکرێت نە کۆتایی دێت؟ خەڵکەکانیشی دەڵێن: ''ئەمە قەت چاکبوونی نییە". هەتا دنیا خراپ دەبێت هەروا دەبێت.

لەو بەشەی گۆی زەویدا ئەوەیکە لە مێژوودا هەمیشە لەسەر لاپەڕەکانی کاغەز نووسراونەتەوە، کورد، تورک، عەرەب و فارس بووە. گۆشەیەک لە مێژوودا نییە باسی ئەو چوار نەتەوەیەی تێدا نەکرابێت. وا باوە دەڵێن هیچ کام لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکەوە تەبا نین.

ئەو وڵاتانە نە لە ئابووریدا، نە نیزامی، نە کۆمەڵایەتی، نە فەرهەنگی وێکچووییان نییە و تەنیا ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی هەیە کە ئەویش خۆراک و ئاژەڵ لەخۆ دەگرێت. ئەوانە وڵاتانێکن کە تەنیا  ئاسمانیان یەکە.

ناوچەیەکە پڕە لە شەڕ و پێکدادان و بێ کوتایی. ناوکی ئەو وڵاتانە وەک بڵەی  بە شەڕ بڕاوە. لە شەڕەکانی مێژووییدا وەک عوسمانی و سەفەوی، هێرشەکانی ڕووسەکان بۆ ئێران، شەڕی عەرەبی ئیسرائیل بۆ شەڕی فارس و عەرەب. لەوێشەوە بۆ شەڕی عەرەب و کورد، کورد و فارس، کورد و تورک هەتا شەڕەکانی ئێستا.

لەنێو هەموویانەوە کورد لە چوار وڵاتی تورکیە، ئێران و عێراق و سووریەدا دابەشکراوە. شەڕی کورد بۆ مافی خۆی بووە. "کوردەکان لەو بارەیەوە لە ئێمە نزیکن چونکە خوازیاری دێموکراسین".

شەڕ و خوێنڕشتنەکانی ئەو ناوچەیە بە مقەستی خوێن پێناسە کراوە کە ناوچەکە دەبڕێت.

مقەستی ئەو شەڕە لە ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر لە ڕاستی نزیک بوویەوە. هێرشی پچڕپچڕی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە، هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنکەکانی ئامریکا، سەرهەڵدانی خەڵک لە لوبنان، عێراق و گرینگتر لە هەموویان ئێران، هەڕەشەی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئیسرائیل، هەڕەشەی فەرماندەکانی سپا بۆ هێرش دژی ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا.

ئەو ڕووداوانە دەست لەسەر ماشەی تفەنگ بۆ شەڕی گەورە لە ناوچەدا بەهێزتر کردووە. پرسیار ئەوەیە بڵێی ساڵی ٢٠٢٠ ببێت بە نمرەی ٢٠؟

ئەو چوار وڵاتەی کە کوردستانیان تیدا دابەش کراوە، بەرهەمهێنەری شەڕی ناوچەکە بوونە  ئەوەش دوو هۆکاری هەیە عەقڵییەتی فاشیزم و نکۆڵی لە مافی کورد. ئەو چوار دەوڵەتە همیشە لە کورد لە فێڵ بوونە؛ کاتێک پێویستیان بە یارمەتیی کورد بووە بەڵێنیی دامەزرانی دەوڵەتیان پێداون، بەڵام کە کارەکانیان جێبەجێ کرا، پشت لە کورد دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژئاوا پشتیوانیی لە کورد نەکردووە و هەوڵی دەوڵەتی کوردی بە ئاکام نەگەیشتووە.

بە ئاکام نەگەیشتنی هەوڵەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی نیشانەی لاوازیی کورد نییە. ڕۆژئاواش کە لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان پێوەندی دەگرن نیشانەی گەمژەیی کورد نییە بەڵکوو ئەوە بەرژەوەندیی ئەوان ئەوە دەخوازێت کە بە جێگای کورد پاڵ بەو دەوڵاتانەوە بدەن.

 بەپێی هەندێک بەڵگەی مێژوویی، ئەتاتورک لە دیوانی جەمیل پاشا دەستی ژمارەیەک شێخ و ڕیشسپی کوردی ماچ کردووە و داوای کردووە لە شەڕی دژی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیریی سوپای تورکیا بکەن و دواتر مافی کورد بدات، بەڵام خیانەتی کردووە.

لەو ناوچەیەدا کە ئێستاش شوێنی ڕمبازێنی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، وڵاتانی ناوچەکە و کوردستانیش لە نیوان چوار وڵاتی داگیرکەردا لە خەباتی خۆی ڕانەوەستاوە. دەتوانین بڵێین ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێوانلێوە لە شەڕ بۆیە کوردیش بەنیسبەت ئەو شەڕانەوە لە باشترین دۆخی خۆیدایە.

پێوەندیی کورد و ڕێبەرانی کورد لە ئێستادا لەگەڵ ڕێبەرانی دنیا لە هەموو کاتێك زیاترە بەڵام ئەوەی لەو ناوچەیەدا فۆرمۆڵی سەرکەوتنە، یەکتر تەحموول کردن و یەکگرتنە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.