کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەوەی لە میرزا حوسێنەوە فێر بووم!

11:15 - 31 خاکەلێوه 2720

شەماڵ تەرغیبی

مێژوو و دیرۆکی هەر گەل و نەتەوەیەکی خاوەن سەروەری، لێوانلێوە لە سەربوردە و بەسەرهات و داستانی نەبەردی کە ڕەنگە لە چەشنی خۆیاندا کەموێنە و تەنانەت بێوێنە بن کە دواجار دەبنە بەشێک لە مێژووی نووسراو یان نەنووسراوی ئەو گەلە و وانەیەک بۆ داهاتوو. لەنێو گەلی کوردیشدا کەم نین وەها بەسەرهاتگەلێک کە بۆ خۆیان دیرۆکن و ئاوڕدانەوە لێیان دەبێتە هۆی چێبوون و تۆخبوونەوەی توخمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان؛ کەم نین ئەو داستانانەی کە دانیشتووانی گوندێک یان شارێک یان هێزێکی پێشمەرگە یان کۆمەڵە لاوێکی دەروەست لە بەرانبەر تاڵانکەر و داگیرکاراندا نواندوویانە و بوونەتە سەرباشقە و جێگای ئیلهاموەرگرتنی خەڵکانی تر. یەکێک لەو سەربوردە پڕ لە وانانە کە شیاوی گوێلێگرتن و لێفێربوونە بەسەرهاتەکانی "میرزا حوسێن شەریفی" باوکی شەهید "ڕامین شەریفیـ"ـیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی تیشکەوە بڵاو کرایەوە. بەڵام من لە میرزا حوسێن چی فێر بووم؟ ڕەنگە توانای ئەم قەڵەمە لە ئاست مەزنایەتی ئەو گەورەپیاوە و داستانخوڵقێنەرانی هاوشێوەی کڵۆڵ و کەم‌توانا بێت و ئەمەش تا ڕادەیەک سروشتییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستم زانی کە هەندێک لە بەرجەستەترین لایەنەکانی ئەم دیدار و پەیڤانە بخەمە ڕوو.

"دیداری دیرۆک" یەکێک لە دیرۆکیترین بەرنامەکان بوو کە مرۆڤێک لەم سەردەمەدا دەیبینێت؛ بەرنامەیەک بوو لێوانلێو لە ئەزموون، پڕاوپڕ لە پەیڤ، لێوڕێژ لە ئامۆژگاری، سەرڕێژ لە هەڵدانەوەی مێژوویەکی نەوتراو و نەبیستراو کە تێیدا تاکێکی دەروەستی کۆمەڵگای خەفەقانلێدراوی کوردستان هاتە گۆ و وەک دەڵێن: "بوو بەو «حبل المتین»ەی کە نەسڵی دوای خۆی بە متمانەوە دەستی پێوە دەگرێت تاکوو لەم دنیای پڕ سەرابی ئاگایی و پڕھەرا و ھوریای سەرلێشێواوییەدا لە قووڵایی گومانی خۆماندا نەکەوینە بازنەی ونبوونەوە".

 هەر ئەمەش وای کرد کە بە جورئەتەوە دەتوانم بڵێم منیش یەکێک لەو دەیان کەسە بووم کە بۆ چەندین جار سەیری بەرنامەی دیداری دیرۆکم کرد و نەک تەنیا ماندوو نەدەبووم بەڵکوو ڕا لەگەڵ ڕا زیاتر لە ناخی پڕ لە ئاخی کورد تێدەگەیشتم.

میرزا حوسێن هاوشێوەی زۆرێک لە هاوتەمەن و هاونەسڵەکانی خۆی لە زۆر مافی سەرەتایی مرۆڤ بێبەش بوو؛ ئەویش تەنیا بەهۆی کوردبوونی و ژینگەیەک کە تێیدا دەژیا. ژینگەیەک لێوانلێو لە هەڵاواردن و دووچاوگی، جا چ هەڵاواردنی سیستماتیکی حکومەتی و چ هەڵاواردنی نابەجێی خۆیی کە بەشی زۆری لەلایەن ئاغا و خانەکانی ئەو دەمەوە لە دژی خەڵکی ئاسایی دەکرا. کۆی ئەم خاڵانەش وایان کردبوو کە میرزا حوسێن و هاونەسڵ و هاوبیرەکانی هەر لە هەڕەتی لاویەتیدا دژی زۆرداری و ستەمکاری بووەستنەوە و فێری خۆڕاگری و لەخۆمایەدانان ببن و دژی چەوساندنەوە و زۆرەملی بیر بکەنەوە! بیر لە هۆکارەکان، ڕێگاچارەکان و پێویستیی بەرهەڵستبوونەوە. هەر ئەمانەشە کە وادەکات میرزا حوسێن لە بەشێک لە لێدوانەکانیدا بڵێ: "هۆی دواکەوتوویی ئێمە لەو کاتەدا، نەبوونی ئاگاهی لای خەڵک بوو؛ کە ئەمە وێڕای هەوڵەکانی ناوەند بۆ بە پاشکەوت هێشتنەوەی ناوچەکانی ئێمە، بووەتە خەسارێکی گەورە کە خەڵک لە ڕەسەنایەتیی خۆی دوور بکەوێتەوە و ئامادە نەبێت بیر لە خۆی و شوناس و چییەتیی خۆی بکاتەوە".

لەم دیمانە مێژووییەدا میرزا حوسێن زۆر بە جوانی و زانستییانە قامک دەخاتە سەر لاوازییەکان و هۆکارەکانی دواکەوتوویی گەل دەخاتە بەرچاوی بینەر و زۆریش زانایانە هەوڵ دەدات بە زمانێکی پاراو نەخشەڕێگای دۆزینەوەی "خود" پیشانی بینەر و بەردەنگەکەی بدات؛ وەک چۆن لە بەشێک لە دیمانەکەدا دەڵێت: "لە سێبەری قەڵەمدا دەتوانین بگەینە ئەو ئاگاهییەی کە لێیان شاردووینەتەوە، کە ئەم شاردنەوەیە بووەتە هۆی ئەوەیکە ئێمەی کورد ببینە نۆکەر و بەردەستی ئایینێک کە هی خۆمان نییە و هی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوپێشە و هیچ دەستکەوتێکی بۆمان نەبووە!".

دواتریش زۆر ژیرانە باس لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ڕێگای کوردایەتی لەنێو ڕێکخراوەی حیزبی دێموکرات دەکات کە بۆ ئەو "کەعبەاللەیە" و دەڵێت: "گەورەیی حیزب لەوەوە دەست پێدەکات کە ئوستادەکەی قازی (قازی محەممەد) بووە و کەسایەتییەکی مەزنی وەک کاک دوکتور (د. قاسملوو) ڕێبەری بووە. وەک فاکتێکیش بۆ گەورەیی و مەزنایەتیی ئەم ڕێگا و ڕێباز و ڕێبەرە باس لە بەسەرهاتێکی خۆی لەگەڵ ئێلاهی قومشەیی دەکات کە بە چ حەسرەت و ئێرەییەکەوە باسی لە گەورەیی د.قاسملوو کردووە. (ئەمەش بەو واتایە کە تەنانەت دوژمنان و نەیارانی کوردیش ناتوانن لە ئاست مەزنایەتیی گەورەڕێبەری کورد د. قاسملوو چاو بنووقێنن).

سروشتییە کە لە ژیانی هەموو کەس و میللەتێکدا بەرزی و نزمی، هەوراز و نشێو، تەنگ و چەڵەمە دێت و دەڕوا بەڵام گرینگ ئەوەیە کە تاک، دەروەستانە لە بەرامبەریاندا ڕابوەستێت و کۆڵنەدەرانە چاو ببڕێتە گەورەئامانجەکان و دڵنیا بێت کە دواجار ئەوە ڕووناکییە کە بەسەر تاریکیدا سەردەکەوێت. ئەم تایبەتمەندییە لە ژیان و بەسەرهاتی میرزا حوسێنیشدا بە ڕوونی دیار و بەرچاو بووە و وەک خۆی دەڵێت: "من دەورانی زۆر سەخت و تاڵم لە ژیانمدا تێپەڕاندووە بەڵام چونکە دڵنیا بووم لە ڕێگا و ڕێبازەکەم و گومانم نەبوو کە ڕۆژێک تاڵییەکان بەسەر دەچن و قۆناغی شیرینی دەست پێدەکەن توانیم بەسەر کۆسپەکاندا سەرکەوم". ئەمە ئەو ڕەمز و ڕازەیە کە هەموو مرۆڤێک بەتایبەت خەباتکارانی ڕێگای ئازادی دەبێ وانەی لێوەربگرن.

کاتێک کە باس لە خەبات و شۆڕش دەکرێت، تاکی کورد ڕاستەوخۆ و بێوچان زەینی بەرەولای "پێشمەرگە" هەڵدەکشێت و تاکێکی شۆڕشگێڕی چەکدار لە زەینیدا وێنا دەبێت؛ شۆڕشگیڕێکی چەکداری تەیار بە چەکی فکر و باوەڕ! ئەم کەتوارە دەقاودەق لە نێوئاخنی پەیڤەکانی "دیداری دیرۆک"یشدا ڕەنگی دایەوە. کاتێک شەهید ڕامینی کوڕی میرزا حوسێن داوا دەکات ببێتە پێشمەرگە کە باوکی لە وڵامی داواکارییەکەیدا دەڵێت: "پێشمەرگایەتی گاڵتەی پێ ناکرێت. پێشمەرگە دەبێ دەوڵەمەند بێت! لە باری فکرییەوە دەنا هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە پێشمەرگە بەڵام ئەو کاتە زیاتر دەبێتە سەربار تاکوو چەکدار".

لووتکەی هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەکانی میرزا حوسێن کە ڕەنگە کەمتر کەسێک بەو خاڵە بگات و ئامادە بێت جگەرگۆشەکەی بۆ سەروەریی گەل و خاکەکەی ڕەوانەی گۆڕەپانی مان و نەمان بکات ئەم قۆناغە لە ژیانی میرزا حوسێنە کە مرۆڤ ناچار دەکات ئێرەیی پێ ببات، ئەویش ئەو کاتەیە کە شەهید ڕامینی کوڕی بە دەستی خۆی ڕادەستی حیزبی دێموکرات دەکات و لەگەڵ خۆی و ویژدانی بەڵێن و پەیمان دەبەستێت کە ڕوو لە حیزب و گەلەکەی لە نامەیەکدا بڵێت: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕامینی شەریفی جگەرگۆشەکەی خۆم قۆچی قوربانیمە و ئەیبەخشم بەو گەلە!"

مرۆڤ لە ماوەی تەمەنیدا هەندێک جار هەل و دەرەتانی بۆ دەڕەخسێت کە ئاراستەی ژیانی بگۆڕێت و ڕوو بکاتە ژینێکی ئاسوودەتر و ئارامتری بەدوور لە کێشمەکێشەکانی ژیان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە کوردستانیش بەشێکە لەو ژینگەیە. ئەم هەلە بە جۆرێک بۆ میرزا حوسێنیش دەڕەخسێت و لەلایەن دۆستێکییەوە ئەو پێشنیارەی پێدەکرێت واز لە ژیانی کوردستان بهێنێت و ڕوو بکاتە هەندەران و ئورووپا بەڵام وڵامی جێگەی سەرنج و تێڕامانی میرزا حوسێن کە سەرچاوەگرتوو لە ناخی کوردانەی ناوبراوە و دەرهاویشتەی هزرێکی ناسیۆناڵیستییانەی پاک و بێگەردە شیاوی باس کردنە کە دەڵێت:

داوات لێ کردبووم بێم بۆ دانمارک!

بەڵام ئەمەیە وەڵامی من بۆ تۆ :

کە حەستەمتر بێ لەمەش ژینی من تەرکی وەتەن ناکەم

هەتا ماوم خەیاڵی چین و لەندەن و خودەن ناکەم

وڵاتی خۆم دەوێ وەک سورمەیە خاکی لەسەر چاوم

ڕەگئاژۆیە دڵ لەم خاکەیا دڵ ڕیشەکەن ناکەم

بە ئاوی کانیاوی نیشتمانم تینوەتیم دەشکێ

ئەمن قەت ئاوی هەڵدێری نیاگارا پەسەند ناکەم

ئەگەرچی هەلپەرست بیشیڕفێنێ تیکەکەی زارم

بە نانی وشکی دەژیم و ئارەزووی هەنگوین و قەند ناکەم

لە خانوەچکەی هەژارانا شەمی کۆڕی خەم و شادیم

بە سەربەرزی دەسووتێم و بە دۆلار خۆم بە پەن ناکەم

لە ئەم خاکە ژیان دایە گەورە و باب و باپیری من

منیش هەر وەک ئەوان لێرە دەژیم و خۆم بێ وەتەن ناکەم

ئەمن خۆ دارە بی نیم ڕاشەکێم هەر سروەیێک لێم دا

بە بای کوێستانی خۆیشم گەر نەبێ قەت مەیلی شەن ناکەم

کە جەردە و ڕێگرانیش ببنە ئاڵاهەڵگری خاکم

دەسووتێم و خەیاڵی مسکۆ و سوهەیل و فەرەنگ ناکەم

بە فەقیری دەژیم تاکوو ماوم ڕوتەڵە و برسی

لە کوردستانی خۆم دەمرم ئەبەد تەرکی وەتەن ناکەم

 چون جەنابت ئەهل نیازی و مەحرەمی ڕازی

ئەم چەند شێعرەم بۆ ناردی و لێم دانەشاردی

جارجارێ بە زەوق  بیخوێنەوە و

سەری بۆ بجوێنە و گەوهەری بەسەردا بڕژێنە

ئاوارەی دیاری نا دیاری 

حوسێن لە حەماڵاوای سەقز

یەکێک لە پێشمەرجەکانی پێشمەرگەبوون ئەوەیە کە تاقەتی دووری لە کەسوکارت هەبێت و بە باوەڕ و ئیمانەوە لە ڕێگا و ڕێبازەکەت بڕوانیت و تەنگ و چەڵەمەکانی خەبات و شۆڕش نەتوانن ئیرادە و ئیمانت سست و لاواز بکەن؛ ئەم تایبەتمەندییانە ڕەنگە پێکەوە لە ناخی هەموو کەسێکدا نەبن بەڵام شەهید ڕامین و شەهید ڕامینەکان بە گیانی پاکیان ئەوەیان سەلماند؛ هەر وەک چۆن کاتێک باوکی ڕامین لە تاقیکارییەکدا داوای لێدەکات بگەڕێتەوە بۆ باوەشیان و ژیانی ئاسایی خۆی درێژە پێبدات، لەوپەڕی ئیرادەی مرۆڤەوە وڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێ:

رسم و راه آزادی یا پیشە نباید کرد

یا آنکە ز جانبازی اندیشە نباید کرد

نعمتی بهتر از آزادی نیست

بر چنین مائدە کفران چە کنم؟

بەو جۆرەش دەبێتە مایەی فەخری باوک و کەسوکاری و گەلەکەی! کە ئەمە دەرخەری پەروەردەی دروست و کوردانەی ڕامینی شەریفییە کە لە ئامێزی گەورەپیاوێکی وەک میرزا حوسێن و شێرەژنێکی وەک خاتوو سۆیبە گۆش کراوە و لە وڵامی دایکیدا کە داوای لێدەکات هاوسەرگیری بکات دەڵێت:

دایکە گیان تا ئێستە بینیوتە بولبول لەنێو قەفەسدا هێلانە دروست بکات؟ نا! لەبەر ئەوەیکە دەڵێت با هەر خۆم ئەسیری دەستی زاڵم و دوژمن بم، با کۆیلایەتی بۆ بێچووەکانم بەجێ نەهێڵم، با هەر تەنیا خۆم ئەسیر و دیل بم!

ئەم وڵامە پوختە لە ڕاستیدا دەرخەری ئەو پەروەردە دروستە بنەماڵەیی و حیزبییەیە کە ڕامینەکان لەسەری بار دێن و دەبنە جێگای شانازی و فەخری میللەتێک کە جێگەی پێزانینە. ئەو تێگەیشتوویی و پێگەیشتووییە لە مەکتەبێکی وەها ئەو کاتە زیاتر خۆی دەردەخات کە ڕامینی دێموکرات لە نووسراوەیەکدا بەناوی "نامەیەک بۆ دایک" دەنووسێت:

دایکە کاتێک دیتە سەر گۆڕەکەم، دەست بخە نێو دەستی ساردمەوە و بەڵێنم پێ بدە جلکی ڕەش لەبەر نەکەیت!

ئەمە ئەو وەسیەتەیە کە بەحەق لەلایەن دایک و باوکیەوە جێبەجێ کرا و ڕامینیان لە مێشک و هزری خۆیان و گەلەکەیان بە زیندوویی هێشتەوە و نەیانناشت!

زۆر ئەستەم و دژوارە و لەوانەیە هیچ کات بە بیری مرۆڤدا نەیەت کە بتوانێت بیر لە لەدەستدانی ئازیزێکی و بەتایبەت جگەرگۆشەکەی بکاتەوە؛ نەتەنیا بیر بەڵکوو بیهێنێتە سەر زار و شانازی پێوە بکات. ڕەنگە ئەمە تواناییەکی ئاسمانی پێویست بێت، تواناییەک کە لە مرۆڤی ئاساییدا بەدی نەکرێت! بەڵام میرزا حوسێنی باوکی شەهید ڕامین لەوپەڕی متمانەبەخۆیی، بە باوەڕ و ئیمان بە ڕێبازەکەی باسێکی تاڵ، بەسەرهاتێکی تاڵتر لە ژار دێنێتە گۆ و ئینسان ناچار دەکات کە بیر بکاتەوە. بیر لەوەیکە ئێمە کێین؟ ئێمە چین؟ دەبێ چۆن بژین؟ بۆچی بژین؟ و... .

ڕەنگە زۆر نامۆ بێت کە کەسێک لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی کوڕە شەهیدەکەیدا نەتەنیا نەگری و نەتەنیا ڕەش نەپۆشێت بەڵکوو داوا لە خەڵکیش بکات کە لەباتیی فاتێحاخوێندن و دوعای خێرکردن، کۆبوونەوەکەیان بکەنە هەل و دەرفەت بۆ باس و مشتومڕ! ئەمە کەتوارێکە کە لە پرسەی شەهید ڕامین و بە تێگەیشتوویی میرزا حوسێن هاتە گۆڕێ. کەتوارێکی تر بۆ لێفێربوون.

ڕەنگە زۆر بن ئەو وانەگەلەی کە لە پەیڤە جوانەکانی میرزا حوسێندا ئینسان بتوانێت وەریبگرێت و وەدەستی بێنێت، بەڵام ئەو کەلامە پڕواتایە نابێ هیچ کات لەبیر بکەین کە ڕاشکاوانە پێی وتین، هەستی ئازادی و هەوڵدان بۆ ئازادی دەبێ ببێتە مەلەکە و ڕێنیشاندەری ژیان بۆمان و وەک چۆن ماڵ و ماددیات و ڕۆتیناتی ژیان بۆ میرزا حوسێن بێمانا بوون و تەنیا ئازادیی گەل واتای هەبووە بۆی، هەر بەو شێوەیەش دەبێ ئێمە لەو ڕۆتیناتەی ژیان دوور بکەوینەوە و هەوڵ بۆ ئازادی بدەین کە بەنرخترین سامانی ژیانە!

ژیان چییە؟ لەوانەیە سەدان و بگرە هەزاران وڵام بۆ ئەم پرسیارە بدۆزرێتەوە؛ واتە هەر کەسێک لە ڕوانینی خۆیەوە، لەڕووی تێگەیشتنی خۆیەوە و بەهۆی هەلومەرجی ژیانێک کە تێیدایە مانایەک بۆ ئەم چەمکە گشتییە بکات بەڵام لە کورتترین پێناسەدا ڕەنگە بتوانین بڵێین ژیان ڕەوتێکی دووجەمسەریی ماددی و مەعنەوییە کە بەشێکیان لەنێودەچن و بەشێکیان بۆ هەتاهەتایە دەمێننەوە. بەشێک لە کۆمەلگا ڕەهەندە مەعنەوییەکانی ژیانیان کردووەتە ڕێڕەوی ژیانەکەیان. ئەم توێژە لە کۆمەڵگە چوارچێوەی ژیانیان بە چەمکگەلی وەک ئەخلاق، شەرەف، قارەمانەتی، لەخۆبوردوویی، گیانفیدایی و... پێناسە دەکەن و لە پێناویاندا ژیانیان دەبەخشن بۆیە دەبینین کە لەپاش نەمانی خۆشیان بیر و هزر و ئەندێشە باڵا نەتەوەیی و مرۆڤتەوەرەکانیان هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و دەبێتە هەرمان؛ ئەمە ئەو پێناسە کورتەیە کە میرزا حوسێن لە بەشێکی تری لیدوانەکانیدا دەیدا بە دەستەوە ئەو کاتەی کە ڕوو لە سەرۆکی زانکۆی سنە و هەیئەتی هاوڕێی کە سەردانیان کردبوو دەڵێت: "بە هاتنی ئێوە من پیرۆزباییم لە خۆم کرد کە توانیومە بە هەڵگرتنی ئەم ڕێبازە (ڕێبازی کوردایەتی و حیزبی دێموکرات) کە دوورم دەخاتەوە لە ژیانی حەیوانی هەیئەتێکی پایەبەرزی زانستی لە سنەوە ڕاکێشی بیاوانێک بکەم کە من تێیدا بە تەنیا دەژیم".

نەمانی گومان و سست نەبوون لە بەرامبەر ئیمان ڕەنگە دواوانەیەک بێت کە من لە وتەکانی میرزا حوسێن هەڵمئەنجاندبێت؛ کاتێک کە ڕوو لە پیشمەرگە و خەباتکاری کوردستان دەڵێت: "هەر کارێک کە دەیکەن بە ئیمانەوە بیکەن؛ چونکە ئەمە دەبێتە ڕەمزی شکست‌نەخواردنتان؛ ئەوانەی کە زوو شکست دەخۆن، بڕواکەیان سست و لاوازە! گومانیان لەو ڕێبازە هەیە کە هەڵیانبژاردووە".

وەک دواوتەش تەنیا دەڵێم: "هەزاران جار سەری ڕێز و کڕنۆش بۆ هەموو ئەو دایک و باوکە نیشتمانپەروەرانەی کە ئازادیی گەلەکەیان بە گەورەترین سەرمایەی ژیانیان دەزانن و لەو پێناوەشدا ڕۆڵەکانیان دەکەن بە قۆچی قوربانی بۆ خاک و نیشتمانیان؛ ڕێبازی  حیزبی دێموکرات، بە لەخۆبردوویی و سەربەرزیی گەورە مرۆڤی وەک ئەم تێکۆشەرانە، ڕیشەی لە دڵی مێژووی نەتەوە و نیشتمانەکەیدایە؛ حیزبێک ئاوا لە دڵی گەلدا بێت، قەت ڕێبازی گەل ون ناکات".

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.