کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنیی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد

12:37 - 19 جۆزەردان 2721

يەکیەتیی پيشەیى مامۆستايانى كوردستانى ئێران و كۆمەڵێک ڕێکخراوەی مەدەنی، فەرهەنگی و ژينگەیی له كوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ بايكۆتکردنى هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شورای شار و گوندەکان لە کوردستان و ئێراندا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

لە ماوەی ۴۲ ساڵی ڕابردوودا سیمای ڕاستەقینەی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەریخستووه کە ئەو سیستمە هیچ چەشنە ئازادی و  دێموکراتیکبوونێکی تێدا بەدی ناکرێت و لەم هەڵبژاردنانە تەنیا بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتی خۆیان کەڵک وەردەگیرێت و دەنگدانی خەڵک هیچ چەشنە گۆڕانێک لەو سیستمە گەندەڵەدا پێک ناهێنێت و تەنیا مۆرەکانی ڕێژیم ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت.

ئەو کەسانەی لەلایەن شورای نیگابانەوە مۆری تەئیدیان لێ دەدرێت و دەتوانن لەو فیلتێرە بگوزەرێن هاتنەسەرکاریان بۆ ڕێژیم هیچ جیاوازییەکی نییه و ئەو فیلمانەی لە کاتی مونازرەکانی سەر دەنگوڕەنگی ئێران بڵاو دەکرێنەوه تەنیا فریودانی دووبارە و چاوبەستنی خەڵکە. هەر لەو شوێنە بوو سەرکۆماره هەڵبژێردراوەکانی پێشووی خۆیان وەکوو ئەحمەدی نژاد و ڕووحانی بەڵێنە درۆکانیان بڵاو دەکردەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی شانۆی هەڵبژاردنی سەرکۆماری گەرموگۆڕ نیشان بدات و وا بنوێنێت کە خەڵکێکی زۆر چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هێشتا خەڵک مەتمانەیان بە ئێمە هەیە! هەڵبژاردنی شورای شارەکانیشی تێکەڵ بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری کردووه و بە تایفەگەری و بەشداری و نێونووسیی کۆمەڵێک کەسی نائاگا لە شانۆی شورای شاردا بەتەمایە هەڵبژاردنەکان بە دونیای دەرەوە بە شێوەیەکی گەرموگوڕ نیشان بدات و بەمجۆرە ڕەوایی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.

خەڵکی وریا و چاوکراوەی کوردستان!

دەنگدان بەم ڕێژیمە، دەنگدانە بە مانەوەی زیاتری سیستمێکی دیکتاتۆر و توتالیتێر کە باوەڕی بە هیچ جۆرە مافێکی گەلانی زۆڵملێکراوی ئێران نییە. دەنگدان، مۆرلێدانی ئێمەیە بە کوشتنی ئەو کۆڵبەرانەی بۆ بژێویی ژیانیان ئەم ڕێگا سەختەیان هەڵبژاردووە؛ هەر بۆيه بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، پەسەندکردنی هەموو جینایەتەکانی ڕێژیمە.

بەشداری لە هەڵبژاردن چاوپۆشی لە لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانمان و دەسبەسەرکردنی زیاتری چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنییە. دەنگدان بە بەردەوامیی گرانی و کوێرەوەریی زیاتری خەڵکە.

بە بایکۆتی ئەم شانۆیە ناڕەزایەتیی خۆمان لەهەمبەر بێکاری، هەژاری، گرانی و سەرکوت و... دەردەبڕین و "نا"یەکی گەورە بە کۆماری سێدارە دەڵێین.

دەنگدانی ئێمەی کورد دەنگدان بە نەمانی کۆماری ئیسلامییە.

يەکیەتیى پيشەیى مامۆستايانى كوردستانى ئێران و كۆمەڵێک ڕێکخراوەی مەدەنی، فەرهەنگی و ژينگەپارێزی له كوردستانی ڕۆژهەڵات