کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ١٠ دولار نیگەرانیی جیهانییانی لێکەوتووەتەوە

18:58 - 5 خاکەلێوه 2720

هاوکات لەگەڵ دابەزینی نرخە جیهانییەکان، شەپۆلی دابەزینی تیچووەکانی شیرکەتە زەبەلاحە نەوتییەکان دەستی پێکردووە و بەپێی پێشبینییەکان نرخی هەر بەرمیل نەوت دەگاتە ١٠ دۆلار.

شیرکەتە نەوتییەکانی جیهان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ سنووری ٢٠ دۆلار، تیچووەکانی خۆیان کەم کردووتەوە، شیرکەتی ''ڕۆیال داچ شێل'' ڕاگەیاندووە کە نزیکەی ٥ میلیارد دۆلار تیچووەکانی خۆی کەم کردووەتەوە.

بەرپرسانی باڵای دوو شیرکەتی گەورەی نەوتیی ئامریکا، ''ئێکسۆن موبیل و شورون'' ڕایانگەیاندووە کە تچووەکانی خۆیان کەم دەکەنەوە.

شیرکەتی ''ئێکسۆن موبیل'' ڕاگەیاندووە کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆی دادەبەزێنێت و گرێبەستەکانی هەزار و ٨٠٠ پەیمانکار هەڵدەپەسێرێت.

شیرکەتە زەبەڵاحەکانی نەوتیی جیهان نیگەرانی دوورەدیمەنی بازاڕی نەوتن، بەپێی پێشبینییەکان، بازاڕە نەوتییەکان لەژێر کاریگەریی تەشنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ دابەزینی داخوازیی ڕۆژانەی دە ملیۆن بەرمیل ڕووبەڕوو ببنەوە.

نرخی جیهانیی نەوت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ نزیک ٦٧ دۆلار بوو، بە پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوتی دابەزینی بە خۆیەوە گرت.

لە دوایین شەپۆڵی دابەزینی نرخی نەوت لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای شوماڵ گەیشتە نزیکەی ٢٤ دۆلار و نرخی نەوتی تێگزاس هەر بەرمیلێکی گەیشتە ٢٠ دۆلار.