کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دووبارەبوونەوەی تراژێدیای شیناوێ لە ئارادایە

10:49 - 11 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکانی کوردستان خاوەن سیستمی ئیمەنی و گەرمادەی ستاندارد نین و ئەم مەسەلەش ئەگەری دووبارەبوونەوەی تراژێدیای وەک شیناوێی لێ چاوەڕوان دەکرێت.

بەڕێوەبەریی گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، ٥٢٨ کلاسی وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی ئەم پارێزگایە، بە سۆبەی نەوتی ناستاندارد گەرم دەکرێن و ٣٠%ی فەزا ئاموزشییەکانیش ناستانداردن.

ڕەشید قوربانی وتوویەتی: هەنووکە ٢٣٧ قوتابخانە لەم پارێزگایەدا هەن کە پڕمەترسین و لە دۆخێکی نەشیاودان و پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی جیددی هەیە بەو مانایە کە لانیکەم ٤٠٠ میلیارد تمەن پارە پێویستە تاکوو نۆژەن بکرێنەوە.

پێشتر لە بانەمەڕی ئەمساڵدا ئەم بەرپرسە حکوومەتییە وتبووی: ٢ هەزار و ٧٠٠ بینای پەروەردەیی لەو پارێزگایەدا هەن کە ستانداردەکەیان لە ئاستی نۆرماڵدا نییە و لەگەڵ کەمیی پێداویستی بەرەوڕوون.

ئەگەرچی ئەم ئامارانە وەک بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی دەڵێن دوورن لە ڕاستی و ڕێژەی قوتابخانە بێ‌کەڵک و پەرتووکاوەکان زۆر لەوەش زیاترن بەڵام ئەگەر تەنانەت ئەم ئامارە حکوومەتییەش بکەینە پێوەر، دەبینین کە مەترسی شیناوێیەکی دیکە و قوربانی دیکە لە ئارادایە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٧، وەرگەڕانی سۆبەی نەوتیی یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری زاهێدان، بووە هۆی ئاگرگرتنی ٤ قوتابیی ئەم پۆلە، کە هەر چوارکەسەکەیان بە هۆی سووتانی زیاتر له ٩٠ %ی لەشیان، گیانیان لە دەست دا.

پێشتریش لە ساڵی ١٣٩١دا ، ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەیەکی کچانە لە شیناوێی سەر بە پیرانشار، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی نزیک به ٣٠ قوتابی کە بەداخەوە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست دا.

کچانی شیناوێ، پاش ٧ ساڵ ژیان لەگەڵ برینە قووڵەکانیان، کە وەبیرهێنەرەوەی ناخۆشترین ڕووداوی ژیانیانە، هێشتا بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لە ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات به بیانووی هەبوونی پێداویستییەکانی دەرمان لە نێو ئێراندا خۆ دەبوێرن.