کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دەستێدابوونی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆری نوێنەرێکی پارلمانی بریتانیا

11:48 - 26 رەزبەر 2721

کوژرانی ''دەیوید ئەمس'' نوێنەری بەئەزموونی پارلمانی بریتانیا لەلایەن ئیسلامییەکی توندڕەوی خەڵکی سومالی، بەپێی هەندێک بەڵگە و بۆچوون ئەو ئەگەرەی دروست کردووە کە ڕێژیمی ئێران دەستی لەم تێرۆرەدا هەبووبێت.

''دەیوید ئەمس'' سەرۆکی هاوبەشی کۆمیتەی بریتانیایی بۆ ئازادیی ئێران بووە و پشتیوانیی لە شورای میللیی موقاومەت و موجاهدینی خەلق کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوەیە چاوپێکەوتنی هەبووە.

ناوبراو بە توندی دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و خوازیاری ڕووخانی ئەو ڕێژیمە بووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ گرووپە توندئاژۆکانی سومالی پەیوەندیی لەمێژینەی هەیە، بەپێی ڕاپۆرتی ''فارین پالیسی'' ڕێژیمی ئێران تۆڕێکی لە گرووپە نیابەتییەکانی لە سومالی بۆ پێشگرتن لە دزەکردنی ئامریکا و وڵاتانی عەرەبی پێک هێناوە و پشتیوانیی ماڵی و نیزامیی لەو گرووپانە دەکات.

ئەو تێبینیانە ئەو ئەگەرەی دروست کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی لەم تێرۆرەدا هەبوو.

دەیوید ئەمس نوێنەری پارلمانی بریتانیا تەمەن ٦٩ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەر لە کلیسایەک لە شاری ''ئەسکێس'' لەلایەن ئیسلامییەکی توندئاژۆ بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و تێرۆر کرا.