کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری سەرکۆنەکردنی ڕێژیمی ئێران بەهۆی هاوکارینەکردنی لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمی لە ئارادایە

12:29 - 27 جۆزەردان 2720

هەواڵدەریی ''بلۆمبێرگ'' ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان پێک هێناوە کە داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکات لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی هاوکاریی تەواوی هەبێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سێ وڵاتی ئورووپایی بەنیسبەت ئەوە نیگەرانییان دەربڕیوە کە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە چوار مانگە ناوەرۆکی پرۆتۆکۆلی لکێندراوی پێشێل کردووە و ڕێگای نەداوە کە پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە خۆیان داوای دەکەن.

ئەم بڕیارنامەیە لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، یەکەم سەرکۆنەی دیپلۆماتیکی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئاژانسەوە دوای ڕێککەوتنی بەرجام دەبێت، کە ئەگەری هەیە گرژییەکان لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئیران توندتر بکات.

ڕەشنووسی پێشنیارکراوی ئەم سێ وڵاتە، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو لە دانیشتنێکی ئینتێرنێتیی ٣٥ ئەندامی شورای حۆکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بخرێتە بەر دەنگدان.

لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بە جەختکردن لەسەر ئەوەی کە ئەو سنوورداریەتییانەی کە بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری کراوە، ئەم ئاژانسە نیگەرانیی جیددی خۆی لەمەڕ پێشگیریی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕاگەیاندبوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژیمی ئێران لە دوو شوێنی شاراوە و بەبێ ئاگاداریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، چالاکیی ناوکی هەیە و ڕێگا نادات کە پشکێنەرانی ئاژانسی ناوکی سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.