کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران بەهێزتر دەبێت

16:45 - 16 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پارلەمانی ئیسرائیل بەپێی بڕیارێکی گشتیی کابینەی ئەو وڵاتە، لە دۆخی ئەستەمدا دەتوانێ حاڵەتی شەڕ ڕابگەێنێت، ئەوەش بۆ چاوەدێریی زیاتر بە سەر ڕێژیمی ئێرانه.

بەپێی ئەو بڕیارەی پارلەمانی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لە "دۆخی ئەستەمدا" دەتوانن شەڕ ڕابگەیەنن.

ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" بڵاوی کردووەتەوە، کە وێنە ماهوارەیییەکان، کە یەکشەممەی ڕابردوو گرتوویانە، دەریدەخەن کە ڕێژیمی ئێران هەندێک کاری ناوکی لە ناوەندی پیتاندنی ئۆرانیۆمی له فۆردۆ دەست پێ کردووەتەوە.

لەو وێنانەدا هاتووە، کە دامەزراوەی فۆردۆ نۆژەن کراوەتەوە و تێیدا کار ئەنجام دەدرێت.

فۆردۆ ساڵی ٢٠١٢، لە لایەن ئاژانسی نێوەنەتەوەیی وزەی ناوکی دۆزرایەوە، کە لەو شوێنەدا ئۆرانیۆم هەتا ڕادەی ٢٠ لەسەد تێیدا بەرهەم دەهێنرێت.

بەپێی ڕێککەوتنی ناوکیی بەرجام، ڕێژیمی ئێران دەبوو پێتاندنی ئۆرانیۆم و سازکردنی کەرەستە ناوکییەکان ڕابگرێت. 

بنیامین نێتانیاهوو، چەند ڕۆژ پێش لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لەسەر دۆسییەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، چەندین هەزار فایلی نهێنی ئاشکرا کرد و ئەو ڕێژیمەی بە درۆزن ناساند و وتوویەتی: ئەو ڕێژیمە ئێستەش بە دوای چەکی ناوکییە و کڵاوی لە سەر ئاژانسی وزەی ناوکی ناوە.

یاسای ڕاگەیاندنی شەڕ دژی ڕێژیمی ئێران، چەند کاتژمێر دوای وتاری نێتانیاهوو پەسەند کرا. 

ئیسرائیل بە بەردەوامی ڕایگەیاندووە، کە کێشەی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕێژیمی ئێرانە و ناهێڵن کە میلیشیاکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە بەتایبەت لە سووریەدا جێگیر ببن، بەڵام هەتا ئێستە ئیسرائیل هێرش بۆ سەر بنکە نیزامییەکەی ڕێژیمی لە سووریەدا بە ئەستۆ نەگرتووە.