کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی چاوپێکەوتنی ترامپ لەگەڵ پووتین

12:15 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی شەڕ و تێکەڵچوونی ڕووسیە و ئوکراین، پێدەچێت چاوپێکەوتنی سەرکۆمارانی ڕووسیە و ئامریکا هەڵوەشێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز، هێزەکانی ڕووسیە بەرەوڕووی سێ کەشتیی وڵاتی ئوکراین، دەسڕێژیان کرد و پێشیان بە هاتووچۆیان گرت، کە لە ئاکامدا شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوانیاندا ڕووی داوە.

پاش ئەم شەڕ و تێکەڵچوونە، دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاندووە، پێدەچێت لە میانەی دانیشتنی گرووپی ٢٠ لە وڵاتی ئارژانتین، چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ پووتین سەرکۆماری ڕووسیە هەڵوەشێنێتەوە.

دانڵد ترامپ لەم پێوەندییەدا، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست، باسی لەوە کردووە: کە هەنووکە لەسەر ڕاپۆرتی تێروتەسەلی تێکەڵچوونەکەیە، کە بڕیارە تیمی ئەمنییەتی کۆشکی سپی پێی بدەن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: ئەم ڕاپۆرتە زۆر چارەنووسسازە و پێدەچێت ئەم چاوپێکەوتنە سەر نەگرێت، چونکە من لە توندوتیژی بێزارم و قەت نامەوێت توندوتیژییەک ڕوو بدات.

ئەم شەڕ و تێکەڵچوونە کە لە گەرووی کێرچ روی داوە، برینداربوونی شەش کاربەڕێکەری کەشتییەکانی ئوکراینی لێ کەوتەوە و ژمارەیەک لە مەلەوانانی ئەو کەشتییانە، لە لایەن هێزەکانی ڕووسیەوە دەسبەسەر کراون.

لەم بارەوە پارلەمانی ئوکراین ئێوارەی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاشکرادا فەرمانی حکوومەت نیزامی دەرکردووە و دۆخەکەی بە نایاسایی ڕاگەیاندووە.