کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هەیە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ڕادەستی شورای ئەمنییەت بکرێت

12:00 - 17 پووشپەڕ 2720

"عەباس عەراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، گوشارەکانی ئامریکا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زۆر زیاتر بووە و ئەگەری هەیە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە دانیشتنی دوایی شورای حوکام ڕادەستی شورای ئەمنییەت بکرێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، لە دوای بەرجام دۆخی وڵات باش بوو، بەڵام ئامریکا کە زانی ڕێککەوتنێکی خراپی واژۆ کردووە لە بەرجام ڕۆیشتە دەرەوە.

ناوبراو زیادی کردووە، لە ئێستادا گرینگترین ئامانجی ئامریکا ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە شورای ئەمنییەتە کە ئەوەش کایەیەکی مەترسیدارە و ئەگەر ئەو کارە بکرێت تووشی زیانی ستراتیژیک دەبین.

بەپێی قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران، دۆخی ڕێژیم لە بواری ئەمنییەتییەوە زۆر شپرزەیە و دەبێ لەو چەند مانگەی داهاتوودا زۆر وشیار بن.

قسەکانی "عەراقچی" لەبارەی ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە شورای ئەمنییەت لە میدیاکانی ڕێژیم سڕداوەتەوە.

 "محەممەدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ئێران باسی لەوە کردووە، ئەگەر دۆسیەی ئێران بنێردرێتە شورای ئەمنییەت لە NPT  دەچنە دەرەوە.

لەو پێوەندییەدا یەکیەتیی ئورووپا چەندین جار داوای لە ئێران کردووە کە لەسەر بەڵێنییەکانی بەرجام پێبەند بێت.

ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان، سێ وڵاتی فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بەنیسبەت بەرنامە ناوکییەکەی بداتەوە.

ئەم سێ وڵاتە نیگەرانیی خۆیان لەوەیکە ئێران زیاتر لە چوار مانگە ناورۆکی پۆرتۆکۆلی ناوکیی پێشێل کردووە و ئیزنی به پشکێنەرانی ئەم ئاژانسە نەداوە، دەربڕیوە.