کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هەیە کە هێرش بۆ سەر کەشتیی "ساویز" کاری ئیسرائیل بووبێت

13:04 - 18 خاکەلێوه 2721

ڕۆژنامەی ئامریکایی "نیۆیۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئامریکاییەوە ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشکردن بۆ سەر کەشتیی نیزامیی ئێران (ساویز) لە دەریای سووردا، ئامریکای ئاگادار کردووەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوە، سەرەتا ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل و کاناڵی "ئەلعەرەبییە" باسیان لە هێرشی لایەنێکی نەناسراو بۆ سەر کەشتییەکی "سپای پاسداران" لە دەریای سوور لە نزیکی کەناراوەکانی یەمەن کردبوو.

نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە، لە حاڵێکدا هەواڵی هێرش بۆ سەر ئەو کەشتییە لە دەریای سووردا بڵاو بووەتەوە کە لە هەمان ڕۆژدا ڕاگەیاندنەکان باسیان لە بەرەوپێشچوونی دانووستاندنە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئامریکایان لە ڤییەندا بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی کردبوو.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها وتوویەتی کە ئەگەرچی کەشتیی ساویز لە ڕووی فەنییەوە وەک کەشتییەکی باری پۆلینبەندی دەکرێت، بەڵام وا دیارە یەکەمین کەشتیی نیزامیی ئێرانە کە لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەکرێتە ئامانجی هێرش.

هەواڵدەرییەکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەپێی زانیارییە بەدەست گەیشتووەکان "کەشتیی ساویز بەهۆی تەقینەوەی مینە لکێندراوەکانەوە بە کەشتییەکە تووشی زیان بووە".

بەرپرسێکی ئامریکایی بە ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز"ی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل بە ئامریکای ڕاگەیاندووە کە کاتژمێر ٧ و ٣٠ خولەکی بەیانی بە کاتی ناوچەیی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەک.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا ببێت پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئیسرائیل ئەو هێرشەی وەک هەوڵێکی تۆڵەکارانە، لە کاردانەوە بەرانبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل ناو لێ بردووە.