کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری پچڕانی کارەبا لە پارێزگای سنە لە ئارادایە

13:26 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوا لە خەڵک دەکەن کارەبای کەمتر بەکار بهێنن، خۆیان لە کەلوپەلە کارەباییە پڕمەسرەفەکان کەڵک وەردەگرن.

لە دوای دەستپێکردنی هاوین و هاتنی شەپۆلێکی بەتینی گەرما لە کوردستان و ئێراندا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوا لە خەڵک دەکەن کە بەکارهێنانی کارەبا کەمتر بکەنەوە، بەتایبەتی لە کاتژمێرە گەرمەکانی ڕۆژدا.

بەرپرسی گشتیی شیرکەتی کارەبای ڕێژیم لە پارێزگای سنەدا ڕایگەیاندووە کە ئاستی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی کارەبا لەم پارێزگایەدا، ٣٧٠ مێگاواتە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتووە بە ٦١٢ مێگاوات.

ناوبراو کە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ هەواڵدەریی "دەنگ و ڕەنگـ"ـی ڕێژیم ئەم قسانەی کردووە، لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بەکارهێنانی کارەبا کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەگەری بڕانی کارەبا هەیە.

ئەم بەرپرسە حکوومەتییە لەو ڕیپۆرتاژەدا داوای لە خەڵکی پارێزگای سنە کردووە کە بەکارهێنانی کارەبا کەمتر بکەنەوە، بەڵام هەر لەو ڕیپۆرتاژەدا دەردەکەوێت کە تەنانەت لە کاتە گەرمەکانی ڕۆژیشدا ئیدارە حکوومەتییەکان، هەر لە کەلوپەلە کارەباییە پڕمەسرەفەکان کەڵک وەردەگرن.

دیارە ئەم شەپۆلی گەرمایە، ئیدارەکانی ڕێژیمی نەگرتووەتەوە، یان ئەوەیکە ئەوان کارەباکەیان جیاواز بێت و ئەگەری پچڕانی کارەبا ئەوان نەگرێتەوە.