کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری ڕاگواستنی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ هەولێر بەهێزتر دەبێت

18:10 - 4 بەفرانبار 2720

پاش هێرشی ڕاکێتی بۆ سەر باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەغدا، ئەو وڵاتە دەیهەوێت باڵوێزخانەکەی لە بەغدا بگوازێتەوە.

ماڵپەڕی "ئێکسیووس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە باسی لەوە کردووە ئامریکا خەریکی تاوتوێکردنی ئەگەری گواستنەوەی باڵوێزخانەکەیەتی لە بەغداوە بۆ شوێنێکی دیکە.

ئەم هەنگاوەی ئامریکا دەتوانێت لەنێوان چەند بژاردەی بەردەستدا، سەرەتایەک بۆ وڵامدانەوە بە هێرشە ڕاکێتییەکانی سەر ناوچەی سەوزی بەغدا بێت.

لە ئەگەری ئەوەدا کە باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا دابخرێت، "ماتیۆ تۆلێر"، باڵوێزی ئامریکا لە بەغدا یان لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان، یان لە بنکەی هەوایی "ئەلئەسەد" لە ڕۆژئاوای عێراق جێگیر دەبێت.

هەروەها ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار"دانڵد ترامپ"سەرکۆماری ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک نووسیبووی: "باڵوێزخانەی ئێمە لە بەغدا ڕۆژی یەکشەممە بوو بە ئامانجی چەند ڕاکێت، ٣ دانە لە ڕاکێتەکان نەتەقینەوە، پێتان وایە ڕاکێتەکان لەکوێوە هاتوون؟ ئێران. ئێستاکەش ئێمە دەنگۆی هێرشگەلێکی زیاتر دژ بە ئامریکا لە عێراقدا دەبیسین".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "پێشنیارێک بۆ ئێران: ئەگەر ئامریکاییەک بکوژرێت، من ئێران بە بەرپرسیار دەزانم، ئاگادار بن".

هاوکات ژەنەراڵ "کێنت مەکێنزی" فەرماندەری ستادی ناوەندیی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (سێنتکام) لە وتووێژێکدا لەگەڵ "والستریت ژۆرناڵ" ڕایگەیاندووە هێرشی ئەم دواییانە بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە گەورەترین هێرش بووە کە لەودا ٢١ ڕاکێت هاویشتراوەتە سەر ئەو ناوچەیە.