"لەژێر ساباتی قاسملوو"، نوێترین بەرهەمی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆوە. "لەژێر ساباتی قاسملوو" ٤٨ وتار و توێژینەوەی لە خۆ گرتووە، کە تایبەت بە ٣٤ ساڵەی تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات نووسراون و، نووسەرانی سێ بەشی کوردستان لەو پڕۆژەیەدا وتار و بابەتیان هەیە. عەلی بداغی، بەرپرسی بەشی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستانمێدیا" ڕایگەیاند: مەبەست لەو پڕۆژەیە لێکدانەوە و شەنوکەوکردنی گۆڕانکارییە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پرسی کورد لە ئێران و وڵاتانی دیکە بە ئیلهاموەرگرتن لە بیروبۆچوونەکانی د. قاسملوو بوو. تایبەتیتر بە سەرنجدان بە هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا و لێکەوتە و دەرەنجامەکانی تا ئێستای و، حزووری فکری و ئایدیایی نەمر قاسملوو لەسەر شەقام و لەنێو دڵی ویست و داخوازەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا؛ بە پێویست زاندرا خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵە چەمکێکی سیاسیی پێوەندیدار بە دۆخی نوێی شۆڕش و بزووتنەوەی سیاسیی کورد بکرێت. عەلی بداغی لە لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە واقعبینیی سیاسی و گرینگیی بەنێونەتەوەییکردنی پرسی کورد، پێگە و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا، پرسی یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، پرسی هاوچارەنووسیی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و پێویستیی گرێبەستێکی نەتەوەیی لە نێوانیاندا، پرسی لێکنیزیکی و هاوپەیمانیی نەتەوەکان بۆ چێکردنەوەی ئێرانێکی دێموکراتیک بۆ هەمووان، نەتەوە و شوناسخوازیی نەتەوەیی وەک پرسێکی سیاسی و مافخوازیی کورد، هێزی یەکلاکەرەوەی خەڵک وەک داینەمۆی شۆڕشی جەماوەری، هونەر و ئەدەبییات لە ڕوانگەی د. قاسملوو، بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و پرسی بەرگری ڕەوا لە ڕوانگەی یاسای نێونەتەوەیی و، ڕەخنەگرتن لە خۆ و دۆزینەوەی نەخشەڕێی نوێ بۆ پێشخستنی خەبات؛ چەند تەوەرێکی گرینگن کە لە شۆڕشی ژینادا بەرجەستە بوون و پێویستییان بە خوێندنەوە و شرۆڤە لە دەلاقەی ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتەوە هەبوو. ئەم کتێبەش بەرهەمی ئاوڕدانەوە لەو بابەتانەیە.
بۆ داگرتن و خوێندنەوەی ئەو کتێبە کلیک بکە
لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکانی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی نامیکەیەکی سیاسی لەژێر ناوی "قاسملوو، سەرکردەیەکی متمانەپێکراو" چاپ و بڵاو بۆوە. "قاسملوو، سەرکردەیەکی متمانەپێکراو"، لە نووسین و ئامادەکردنی شاهۆ مەتین و دیزاینی نگین ڕۆژهەڵاتی کە لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا بڵاو بۆتەوە، چەند تەوەرێکی لەخۆ گرتووە، وەک: ژیاننامەی د. قاسملوو، پێناسەی سەرکردایەتی، تایبەتمەندییە جیاوازەکانی کەسێکی ڕێبەر، تایبەتمەنییەکانی سەرکردایەتیی د. قاسملوو و گوڵبژێرێک لە وتە بەنرخەکانی د. قاسملوو. دوایین بەشی ئەو نامیلکەیە باس لە پێویستیی نێڵدانی کورەی خەبات لە یادی تێرۆری د. قاسملوودا دەکات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشیی ئەو کارە بەنرخە لە کاک شاهۆ مەتین بە چاوی ڕێز و بایەخەوە لە کار و تێکۆشانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەت لە نێوخۆی وڵات دەڕوانێ و ڕێز لە ئەمەگناسییان بۆ بەرجەستەکردنەوەی بەها و بایەخە شۆڕشگێڕییەکانی د. قاسملووی نەمر و حیزبی دێموکرات دەگرێت. بۆ خوێندنەوە و داگرتنی ئەو فایلە کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن