بەرگی یەکەمی کتێبی سوورخەڵاتان، نوێترین بەرهەمی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە توێی ٣٠۴ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو بووەوە.
بەرگی یەکەمی کتێبی سوورخەڵاتان کە تایبەتە بە ژیاننامەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژیان و بەسەرهاتی ٥٠ شەهیدی لە شەهیدانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەخۆی دەگرێت و لە ساڵیادی دەسپێکی شۆڕشی ژینادا چاپ و بڵاو بوویەوە.
سۆما ناسری، ئامادەکار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لەو بارەوە ڕایگەیاند: بەرگی یەکەمی سوورخەڵاتان باس لە ژیان و بەسەرهات و چۆنیەتیی شەهیدبوونی ٥٠ شەهیدی شۆڕشی ژینا دەکات کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووشدا، لەژێر ناوی "سوورخەڵاتان" بە شێوەی دێکۆمێنتاری لە کوردکاناڵ بڵاو بووەتەوە. لێرەوە دیسانەوە داوا لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین تاکوو لە ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ژیاننامەی ئەو شەهیدانەی کە تا ئێستا ژیاننامەکانیان بە دەستمان نەگەیشتوون، یارمەتیدەرمان بن، بۆ ئەوەی بتوانین یاد و ناویان بە زیندوویی ڕابگرین.
کۆتایی بەرگی یەکەمی سوورخەڵاتان، تەرخان کراوە بە ئالبۆمێکی تایبەت بە شەهیدانی شۆڕشی ژینا کە چەندین وێنەی ناوازە لە حەماسە و بەرەنگاری شۆڕشگێڕانی چاونەترسی سەرشەقام لەخۆ دەگرێت.
پێویستە بوترێت، ژیاننامەی ئەو شەهیدانە جیا لەوەیکە لە کوردکاناڵ بڵاو دەبێتەوە، لە پەیجی تایبەتیی "سوورخەڵاتان" لە تێلێگرام و ئینستاگرامیش بڵاو دەبێتەوە.
بۆ دانلۆدی ئەم کتێبە کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن